لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 1:7-10

لۆقا 1:7-10 KSS

لەدوای ئەوەی عیسا لە وتەکانی بووەوە بۆ ئەو خەڵکەی کە گوێیان لێدەگرت، چووە ناو کەفەرناحوم. سەرپەلێک کۆیلەیەکی هەبوو زۆری خۆشدەویست، نەخۆش بوو و لە سەرەمەرگدا بوو. کاتێک سەرپەلەکە هەواڵی عیسای بیست، پیرانی جولەکەی ناردە لای بۆ ئەوەی داوای لێ بکەن کە بێت و کۆیلەکەی چاک بکاتەوە. ئەوانیش هاتنە لای عیسا و بە دڵ لێی پاڕانەوە و گوتیان: «شایانی ئەوەیە کە ئەمەی بۆ بکەیت، چونکە گەلی ئێمەی خۆشدەوێت و کەنیشتی بۆمان دروستکردووە.» عیساش لەگەڵیان چوو. بەڵام زۆری نەمابوو بگاتە ماڵەکە کە سەرپەلەکە هاوڕێکانی نارد پێی بڵێن: «گەورەم، ئەزیەت مەکێشە، شایانی ئەوە نیم خۆت بێیتە ماڵەکەم، لەبەر ئەوە خۆمم بە شایانی ئەوە نەزانی کە بێمە لات. تەنها وشەیەک بفەرموو، خزمەتکارەکەم چاکدەبێتەوە، چونکە منیش خۆم کەسێکم لەژێر فەرماندام، سەربازیشم لەژێر دەستدایە. بەمە دەڵێم: ”بڕۆ،“ دەڕوات؛ بەوی دیکەش دەڵێم: ”وەرە،“ دێت؛ بە کۆیلەکەشم دەڵێم: ”ئەمە بکە،“ دەیکات.» کاتێک عیسا گوێی لەمە بوو، پێی سەرسام بوو، ئینجا ئاوڕی لەو خەڵکە دایەوە کە دوای کەوتبوون، فەرمووی: «پێتان دەڵێم، لە ئیسرائیلدا باوەڕێکی بەهێزی ئاوام نەدیوە.» ئەوانەی نێردرابوون گەڕانەوە ماڵەکە، بینییان کۆیلەکە چاک بووەتەوە.