لەو ڕۆژانەدا عیسا چووە سەر شاخێک تاکو نوێژ بکات، شەوەکەی هەموو بە نوێژکردن بۆ خودا بەسەربرد. کە ڕۆژ بووەوە، قوتابییەکانی بانگکرد، دوازدەی لێ هەڵبژاردن و ناوی لێنان نێردراوان: شیمۆن کە ناوی لێنا پەترۆس، لەگەڵ ئەندراوسی برای، یاقوب، یۆحەنا، فیلیپۆس، بەرتۆلماوس، مەتا، تۆماس، یاقوبی کوڕی حەلفی، شیمۆن کە ناسراوبوو بە دڵگەرم، یەهوزای کوڕی یاقوب و یەهوزای ئەسخەریوتی کە ناپاک دەرچوو. ئینجا عیسا لەگەڵ دوازدە قوتابییەکان هاتە خوارەوە و لە شوێنێکی تەخت ڕاوەستا. زۆرێک لە قوتابییەکانی لەوێ بوون، هەروەها خەڵکێکی ئێجگار زۆر کە لە هەموو یەهودیا و ئۆرشەلیم و کەناری سور و سەیداوە هاتبوون، هەموویان بۆ ئەوە هاتبوون تاکو گوێی لێ بگرن و لە نەخۆشییەکانیان چاکببنەوە. ئەوانەی کە بە دەست ڕۆحە پیسەکان دەیانناڵاند چاکبوونەوە. هەموو خەڵکەکەش هەوڵیان دەدا دەستی لێ بدەن، چونکە هێزی لێ دەهاتە دەرەوە و هەمووانی چاک دەکردەوە. ئینجا چاوی بۆ قوتابییەکانی هەڵبڕی و فەرمووی: «خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە، ئەی هەژاران، چونکە شانشینی خودا بۆ ئێوەیە. خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کە ئێستا برسین، چونکە تێر دەبن. خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کە ئێستا دەگریێن، چونکە پێدەکەنن. خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کاتێک خەڵکی لەبەر کوڕی مرۆڤ ڕقیان لێتان دەبێتەوە و جیاتان دەکەنەوە و جنێوتان پێدەدەن و بە بەدکار ناوتان دەبەن. «لەو ڕۆژەدا دڵخۆش بن و لە خۆشیدا هەڵپەڕن، لەبەر ئەوەی لە ئاسمان پاداشتتان گەورەیە، چونکە باوباپیرانیشیان ئاوایان بە پێغەمبەران کردووە. «بەڵام قوڕبەسەرتان ئەی دەوڵەمەندان، چونکە خۆشگوزەرانی خۆتان لێرە وەرگرتووە. قوڕبەسەرتان ئەی ئەوانەی ئێستا تێرن، چونکە ئێوە برسی دەبن. قوڕبەسەرتان ئەی ئەوانەی ئێستا پێدەکەنن، چونکە ئێوە ماتەم دەگێڕن و دەگریێن. قوڕبەسەرتان کاتێک هەموو خەڵک ستایشتان دەکات، چونکە باوباپیرانیان ئاوایان بۆ پێغەمبەرە درۆزنەکان کردووە. «بەڵام ئەی گوێگران پێتان دەڵێم: دوژمنەکانتان خۆشبوێ، چاکە بکەن لەگەڵ ئەوانەی ڕقیان لێتان دەبێتەوە، ئەوانەی نەفرەتتان لێدەکەن داوای بەرەکەتیان بۆ بکەن، نوێژ بکەن بۆ ئەوانەی خراپەتان لەگەڵ دەکەن. ئەگەر یەکێک لە ڕوومەتت بدات، لایەکەی دیکەشی بۆ شل بکە. ئەگەر یەکێک چاکەتەکەت ببات، لاریت نەبێت بۆ کراسەکەشت. هەرکەسێک داوای شتێکی لێکردیت بیدەرێ. ئەوەش کە شتێکت لێ دەبات لێی داوا مەکەوە. چۆن دەتانەوێ خەڵکی هەڵسوکەوتتان لەگەڵ بکەن، ئێوەش بەو شێوەیە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەن. «ئەگەر ئەوانەتان خۆشبوێ کە ئێوەیان خۆشدەوێت، ئایا چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش ئەوانەیان خۆشدەوێت کە خۆشیان دەوێن. ئەگەر باش بن لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵتان باشن، ئایا چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش هەمان شت دەکەن. ئەگەر قەرز بدەنە ئەوانەی کە بەو هیوایەن لێیان وەربگرنەوە، ئایا چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش قەرز دەدەنە گوناهباران تاکو ئەوەندە وەربگرنەوە. بەڵام ئێوە دوژمنەکانتان خۆشبوێ، چاکە بکەن و قەرز بدەن، چاوەڕێی وەرگرتنەوەش مەکەن، بەمە پاداشتتان گەورە دەبێت و دەبنە ڕۆڵەی خودای هەرەبەرز، چونکە ئەو لەگەڵ بەدنمەک و بەدکاران نەرم و نیانە. بە بەزەیی بن، هەروەک چۆن باوکتان بە بەزەییە. «حوکم مەدەن، بۆ ئەوەی خودا حوکمتان نەدات. خەڵکی تاوانبار مەکەن، بۆ ئەوەی خودا تاوانبارتان نەکات. لە خەڵکی خۆش بن، خودا لێتان خۆش دەبێت. ببەخشن، پێتان دەبەخشرێت، پێوانەیەکی چاکی پەستێنراوی هەژێنراوی لێڕژاوتان دەخرێتە باوەش، چونکە بەو پێوانەیەی ئێوە بۆ خەڵک دەیپێون، خودا بۆتان دەپێوێتەوە.»
لۆقا 6 بخوێنەوە
گوێگرتن لە لۆقا 6
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: لۆقا 12:6-38
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان