ڕۆژێکیان عیسا لە کەناری دەریاچەی جەنیسارەت ڕاوەستابوو، خەڵکی پاڵەپەستۆیان دەکرد تاکو گوێ لە پەیامی خودا بگرن. عیسا دوو بەلەمی لە کەناری دەریاچەکە بینی کە ماسیگرەکان بەجێیان هێشتبوو و تۆڕەکانیان دەشوشت. چووە ناو یەکێکیان، هی شیمۆن بوو، داوای لێکرد کەمێک لە وشکانی دووری بخاتەوە، ئینجا دانیشت و لەناو بەلەمەکەوە خەڵکەکەی فێردەکرد. کاتێک وتەکانی تەواو کرد بە شیمۆنی فەرموو: «دووری بخەرەوە بۆ قووڵایی و تۆڕەکانتان بۆ ڕاوکردن فڕێبدەن.» شیمۆن وەڵامی دایەوە: «گەورەم، بە درێژایی شەو زۆر هەوڵمان دا و هیچمان نەگرت. بەڵام لەبەر قسەی تۆ، تۆڕەکان فڕێدەدەم.» کاتێک ئەمەیان کرد ماسییەکی زۆریان گرت، خەریک بوو تۆڕەکانیان بدڕێت. جا ئیشارەتیان بۆ هاوکارانی ناو بەلەمەکەی دیکە کرد، تاکو بێن و یارمەتییان بدەن، ئیتر هاتن و هەردوو بەلەمەکەیان پڕکرد، هەتا وای لێهات خەریک بوو نوقوم ببن. شیمۆن پەترۆس کە ئەمەی بینی، خۆی خستە بەرپێی عیسا و گوتی: «گەورەم، لێم دووربکەوە، چونکە مرۆڤێکی گوناهبارم!» پەترۆس و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون لە زۆری ئەو ماسییانەی گرتبوویان سەریان سوڕمابوو، یاقوب و یۆحەنای کوڕەکانی زەبدیش، هاوبەشی شیمۆن بوون. عیسا بە شیمۆنی فەرموو: «مەترسە! ئیتر تۆ لە ئێستاوە مرۆڤ ڕاو دەکەیت.» لەدوای ئەوەی بەلەمەکانیان هێنایە وشکانی، هەموو شتێکیان بەجێهێشت و دوای عیسا کەوتن. کاتێک عیسا لە یەکێک لە شارەکان بوو، پیاوێک هات کە بە تەواوی تووشی نەخۆشی گولی ببوو. کە عیسای بینی خۆی بە زەویدا دا و لێی پاڕایەوە: «گەورەم، ئەگەر بتەوێت، دەتوانیت پاکم بکەیتەوە.» عیساش دەستی بۆ درێژکرد و دەستی لێدا و فەرمووی: «دەمەوێت، پاک بەرەوە.» ئیتر یەکسەر گولییەکەی لێبووەوە. عیسا ڕایسپارد: «بە کەس مەڵێ، بەڵام بڕۆ خۆت پیشانی کاهین بدە و بۆ پاکبوونەوەکەت ئەو قوربانییەی موسا فەرمانی کردووە بیکە، وەک شایەتییەک بۆیان.»
لۆقا 5 بخوێنەوە
گوێگرتن لە لۆقا 5
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: لۆقا 1:5-14
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان