لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 1:4-14

لۆقا 1:4-14 KSS

عیسا پڕ ببوو لە ڕۆحی پیرۆز کە ڕووباری ئوردونی بەجێهێشت، ڕۆحەکە بەرەو چۆڵەوانی ڕێنمایی کرد. چل ڕۆژ ئیبلیس تاقی دەکردەوە. بە درێژایی ئەو ڕۆژانە هیچی نەخوارد، کاتێک ماوەکە تەواو بوو برسی بوو. ئیبلیس پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت، بەم بەردە بڵێ با ببێتە نان.» عیسا وەڵامی دایەوە: «نووسراوە: ﴿مرۆڤ تەنها بە نان ناژیێت.﴾» ئینجا ئیبلیس عیسای بردە شوێنێکی بەرز و لە چاوتروکانێکدا هەموو شانشینەکانی جیهانی پیشان دا و پێی گوت: «هەموو ئەم دەسەڵات و شکۆیەی ئەوان دەدەمە تۆ، چونکە دراوەتە من و منیش دەیدەم بە هەرکەسێک کە بمەوێت. لەبەر ئەوە ئەگەر لەبەردەمم کڕنۆش ببەیت، هەمووی بۆ تۆ دەبێت.» عیساش وەڵامی دایەوە: «نووسراوە: ﴿کڕنۆش بۆ یەزدانی پەروەردگارت دەبەیت و تەنها ئەو دەپەرستیت.﴾» ئینجا ئیبلیس بۆ ئۆرشەلیمی برد و لەسەر گوێسەبانەی پەرستگا ڕایگرت و پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت لێرەوە خۆت هەڵبدە خوارەوە. لەبەر ئەوەی نووسراوە: «﴿سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات، کە بە تەواوی بتپارێزن، لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت.﴾» عیساش وەڵامی دایەوە: «گوتراوە: ﴿یەزدانی پەروەردگارتان تاقی مەکەنەوە.﴾» کاتێک ئیبلیس هەموو تاقیکردنەوەیەکی تەواو کرد، بەجێی هێشت هەتا دەرفەتێکی دیکە. عیسا بە هێزی ڕۆحی پیرۆزەوە گەڕایەوە جەلیل، ناوبانگی لە هەموو دێیەکانی دەوروپشت بڵاو بووەوە.