هەر لەو ڕۆژەدا دووان لەوان دەچوونە گوندێک بە ناوی ئەمواس کە شەست تیرهاوێژ لە ئۆرشەلیم دوور بوو. لەگەڵ یەکتری باسی هەموو ئەو شتانەیان دەکرد کە ڕوویدابوو. کاتێک قسە و گفتوگۆیان دەکرد، عیسا خۆی لێیان نزیک بووەوە و لەگەڵیان دەڕۆیشت، بەڵام چاویان لە ناسینی بەسترا. پێی فەرموون: «ئەوە بەڕێوە باسی چی دەکەن؟» بە ڕووێکی خەمناکەوە ڕاوەستان. یەکێکیان ناوی کلیۆپاس بوو وەڵامی دایەوە: «ئایا تەنها تۆ لە ئۆرشەلیم نامۆیت و ئاگات لەو شتانە نییە کە لەم ڕۆژانەدا تێیدا ڕوویداوە؟» پێی فەرموون: «چی ڕوویداوە؟» وەڵامیان دایەوە: «باسی عیسای ناسیرەیی، کە پێغەمبەرێکی توانادار بوو لە قسە و کرداردا، لەلای خودا و هەموو گەل، چۆن کاهینانی باڵا و فەرمانڕەواکانمان دایانە دەست سزای مردن و لە خاچیان دا. بەڵام ئێمە هیوادار بووین کە ئەمە ئەو کەسە بێت کە ئیسرائیل دەکڕێتەوە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەمڕۆ سێیەم ڕۆژە ئەمە ڕوویداوە. کەچی هەندێک لە ژنانمان سەرسامیان کردین، بەیانی زوو لەسەر گۆڕەکە بوون و تەرمەکەیان نەبینیبوو، هاتنەوە گوتیان، فریشتەمان بینیوە دەڵێن ئەو زیندووە. هەندێک لە ئێمە چوونە سەر گۆڕەکە و بینییان وایە، وەک ژنەکان گوتیان، بەڵام ئەویان نەبینیبوو.» ئەویش پێی فەرموون: «ئەی گێل و دڵخاوەکان لە باوەڕکردن بە هەموو ئەوەی پێغەمبەران باسیان کردووە! نەدەبووایە مەسیح ئەم شتانە بچێژێت و بچێتە ناو شکۆمەندییەکەی خۆی؟» ئەوسا دەستی کرد بە ڕوونکردنەوەی ئەو شتانەی دەربارەی خۆی بوو لە هەموو نووسراوە پیرۆزەکاندا، هەر لە تەوراتی موساوە هەتا هەموو پەڕتووکەکانی پێغەمبەران. کاتێک نزیکی ئەو گوندە بوون کە بۆی دەچوون، عیسا وای نیشان دا کە بۆ شوێنێکی دوورتر دەچێت. ئەوانیش زۆر لێی پاڕانەوە و گوتیان: «لەلامان بمێنەرەوە، چونکە وا ئێوارەیە و ڕۆژ لە ئاوابوونە.» جا چووە ژوورەوە تاکو لەگەڵیان بمێنێتەوە. کاتێک لەگەڵیان دانیشتبوو، نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد، پاشان لەتی کرد و پێیدان. ئینجا چاویان کرایەوە و ناسیانەوە، ئیتر لەبەرچاویان نەما. بە یەکتریان گوت: «ئەرێ کاتێک لە ڕێگا قسەی بۆ دەکردین و نووسراوە پیرۆزەکانی بۆمان ڕوون دەکردەوە، دڵمان لە ناخماندا گڕی نەگرتبوو؟» ئینجا دەستبەجێ هەستان و هاتنەوە ئۆرشەلیم، بینییان یازدە قوتابییەکە و ئەوانەی لەگەڵیاندان کۆبوونەتەوە و دەڵێن: «بە ڕاستی مەسیحی خاوەن شکۆ هەستاوەتەوە و بۆ شیمۆن دەرکەوتووە.» ئەمانیش باسی ئەو شتانەیان کرد کە لە ڕێگا بەسەریان هاتبوو، هەروەها لە کاتی نانلەتکردنەکەدا چۆن مەسیحیان ناسییەوە.
لۆقا 24 بخوێنەوە
گوێگرتن لە لۆقا 24
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: لۆقا 13:24-35
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان