لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 1:23-25

لۆقا 1:23-25 KSS

ئینجا هەموو کۆمەڵەکە هەستان و عیسایان بردە لای پیلاتۆس. دەستیان بە سکاڵا لێکردنی کرد و دەیانگوت: «بینیمان ئەمە گەلەکەمان چەواشە دەکات، هەروەها هانی خەڵکەکە دەدات کە سەرانە بە قەیسەر نەدەن و خۆی بە مەسیحی پاشا ناودەبات.» پیلاتۆس لێی پرسی: «تۆ پاشای جولەکەی؟» وەڵامی دایەوە: «خۆت گوتت.» پیلاتۆسیش بە کاهینانی باڵا و خەڵکەکەی گوت: «هیچ تاوانێک لەم پیاوە نابینم.» بەڵام ئەوان پێداگرییان کرد و گوتیان: «گەل دەوروژێنێت، لە هەموو یەهودیا خەڵک فێردەکات، دەستپێک لە جەلیلەوە هەتا ئێرە.» کاتێک پیلاتۆس ئەمەی بیست، پرسیاری کرد ئاخۆ پیاوەکە جەلیلییە. کە زانی عیسا سەر بەو ناوچەیە کە هێرۆدس حوکمڕانی دەکرد، ناردی بۆ لای هێرۆدس، کە لەو ڕۆژانەدا ئەویش لە ئۆرشەلیم بوو. کاتێک هێرۆدس عیسای بینی، زۆر دڵخۆش بوو، چونکە دەمێک بوو دەیویست بیبینێت لەبەر ئەوەی زۆر شتی لەبارەیەوە بیستبوو و بەو هیوایە بوو کە یەکێک لە پەرجووەکانی ببینێت. جۆرەها پرسیاری لێکرد، بەڵام هیچ وەڵامی نەدایەوە. کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەوراتیش ڕاوەستان و بە توندی سکاڵایان لێی دەکرد. هێرۆدس و سەربازەکانی سووکایەتی و گاڵتەیان پێی دەکرد. کەوایەکی بریسکەداریان لەبەری کرد و ناردیانەوە بۆ لای پیلاتۆس. پیلاتۆس و هێرۆدس پێشتر دوژمنی یەکتری بوون، بەڵام لەو ڕۆژەدا لەگەڵ یەکتری بوونە دۆست. پیلاتۆس کاهینانی باڵا و پێشەوایان و گەلی بانگکرد و پێی گوتن: «ئەم پیاوەتان هێنایە لام وەک یەکێک خەڵک بۆ یاخیبوون هانبدات. ئەوەتا منیش لەبەردەمتان لێم کۆڵییەوە و هیچ تاوانێکم لەم پیاوەدا نەبینی لەوەی سکاڵای لێدەکەن. نە هێرۆدسیش، چونکە بۆ لای ئێمەی ناردووەتەوە. هەروەک دەبینن، هیچ شتێکی وای نەکردووە کە شایانی سزای مردن بێت. لەبەر ئەوە تەمبێی دەکەم و ئازادی دەکەم.» [ ناچار بوو لە هەموو جەژنێکدا کەسێکیان بۆ ئازاد بکات.] بەڵام تێکڕا هاواریان کرد، «ئەمە ببە! باراباسمان بۆ ئازاد بکە!» ئەوەی لەبەر ڕاپەڕینێک کە لە شاردا ڕوویدابوو و لەبەر کوشتن فڕێدرابووە بەندیخانەوە. پیلاتۆس دیسان بانگی کردن، دەیویست عیسا ئازاد بکات. بەڵام هاواریان دەکرد: «لە خاچی بدە! لە خاچی بدە!» بۆ جاری سێیەم پێی گوتن: «بۆ؟ ئەمە چ خراپەیەکی کردووە؟ من تاوانێکی تێدا نابینم کە سزایەکەی مردن بێت. لەبەر ئەوە تەمبێی دەکەم و ئازادی دەکەم.» بەڵام ئەوان پێداگرییان کرد و بە دەنگی بەرز داوایان دەکرد لە خاچ بدرێت، جا بەمە قسەکەیان سەرکەوت. پیلاتۆسیش بڕیاری دا داواکارییەکەیان جێبەجێ بکرێت. ئەوەی لەبەر ڕاپەڕین و کوشتن فڕێدرابووە زیندانەوە ئازادی کرد، ئەوەی داوایان کرد، عیساشی دایە دەست خواستی ئەوان.