لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 7:22-20

لۆقا 7:22-20 KSS

ڕۆژی فەتیرە هات، ئەوەی پێویست بوو بەرخی پەسخەی تێدا بکرێتە قوربانی. عیسا پەترۆس و یۆحەنای نارد و فەرمووی: «بڕۆن نانی پەسخەمان بۆ ئامادە بکەن تاکو بیخۆین.» لێیان پرسی: «دەتەوێ لەکوێ ئامادەی بکەین؟» پێی فەرموون: «کاتێک دەچنە ناو شار، تووشی پیاوێک دەبن گۆزەیەک ئاوی هەڵگرتووە، دوای بکەون بۆ ئەو ماڵەی کە بۆی دەچێت. ئینجا بە خاوەن ماڵەکە بڵێن: ”مامۆستا دەفەرموێت: کوا دیوەخانەکە تاکو لەگەڵ قوتابییەکانم نانی پەسخەی تێدا بخۆم؟“ ئەویش لە نهۆمی سەرەوە ژوورێکتان پیشان دەدات، گەورەیە و ڕاخراوە، لەوێ ئامادەی بکەن.» جا ڕۆیشتن، هەموو شتێکیان دۆزییەوە، هەروەک عیسا پێی فەرمووبوون. ئینجا نانی پەسخەیان ئامادە کرد. کە کاتی نانخواردن هات، عیسا لەسەر خوان دانیشت، نێردراوانیش لەگەڵی بوون. پێی فەرموون: «زۆر ئارەزووم کرد پێش ئازارچێژتنم ئەم نانەی پەسخەتان لەگەڵ بخۆم، چونکە پێتان دەڵێم: ئیتر نانی پەسخە ناخۆم هەتا لە شانشینی خودا بە تەواویی دێتە دی.» جامێکی هەڵگرت و سوپاسی خودای کرد، فەرمووی: «ئەمە بگرن و لەنێوان خۆتان بەشی بکەن. پێتان دەڵێم: ئیتر لە بەرهەمی مێو ناخۆمەوە هەتا شانشینی خودا دێت!» نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد و لەتی کرد، پێیدان و فەرمووی: «ئەمە جەستەی منە، کە لە پێناوی ئێوە بەخت دەکرێ. ئەمە بۆ یادکردنەوەی من بکەن.» بە هەمان شێوە پاش نانخواردن، جامەکەی هەڵگرت و فەرمووی: «ئەم جامە پەیمانی نوێیە بە خوێنی من، کە لە پێناوی ئێوە دەڕژێت.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان