لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 24:22-46

لۆقا 24:22-46 KSS

هەروەها دەمەقاڵەیەک کەوتە نێوانیان، لەسەر ئەوەی کە کامیان پایەبەرزترە. عیسا پێی فەرموون: «پاشایانی نەتەوەکانی دیکە فەرمانڕەواییان بەسەردا دەکەن و دەسەڵاتدارانیش بەسەریانەوە بە ”چاکەکار“ ناودەبردرێن. بەڵام ئێوە ئاوا مەبن. بەڵکو با پایەبەرز لەنێوتاندا ببێتە بچووک و ئەوەش کە ڕابەرایەتی دەکات وەک خزمەتکار بێت. کێ پایەبەرزترە، ئەوەی لەسەر خوان دانیشتووە یان ئەوەی خزمەت دەکات؟ بێگومان ئەوەی کە لەسەر خوان دانیشتووە. بەڵام من لەنێوتان وەک ئەوەم کە خزمەت دەکات. ئێوە ئەوانەن کە لە تاقیکردنەوەکانمدا لەگەڵم مانەوە. منیش شانشینێکتان بۆ دادەنێم، هەروەک باوکم بۆی داناوم، تاکو لە شانشینەکەمدا لەسەر خوانەکەم بخۆن و بخۆنەوە، لەسەر تەخت دادەنیشن و دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیل حوکم دەدەن. «شیمۆن، شیمۆن، شەیتان داوای کردوون تاقیتان بکاتەوە، وەک گەنم لە بێژنگتان بدات. بەڵام من نوێژم بۆ کردیت تاکو باوەڕت لەدەست نەدەیت. تۆش کە دەگەڕێیتەوە برایانت بەهێز بکە.» ئەویش پێی گوت: «گەورەم، من ئامادەم لەگەڵ تۆدا بۆ زیندان و بۆ مردنیش بچم.» کەچی عیسا فەرمووی: «پەترۆس پێت دەڵێم، ئەمڕۆ پێش خوێندنی کەڵەشێر، تۆ سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت.» ئینجا پێی فەرموون: «کاتێک ئێوەم بەبێ جزدان و توورەکە و پێڵاو نارد، ئایا پێویستتان بە هیچ بوو؟» گوتیان: «نەخێر.» پێی فەرموون: «بەڵام ئێستا ئەوەی جزدان و توورەکەی هەیە با بیبات لەگەڵ خۆی. ئەوەش کە شمشێری نییە، با جلەکانی بفرۆشێت و شمشێر بکڕێت. من پێتان دەڵێم: ئەمەی نووسراوە: ﴿لەگەڵ یاخیبووان ژمێردرا،﴾ پێویستە لە مندا بێتە دی، چونکە ئەو شتانەی لەبارەی منەوە نووسراون دێنە دی.» گوتیان: «گەورەم، ئەوەتا دوو شمشێر لێرەیە.» پێی فەرموون: «بەسە.» پاشان عیسا وەک جاران چوو بۆ کێوی زەیتوون، قوتابییەکانیش دوای کەوتن. کاتێک گەیشتە شوێنەکە، پێی فەرموون: «نوێژ بکەن، تاکو نەکەونە ناو تاقیکردنەوەوە.» ئینجا نزیکەی بەردهاوێژێک لێیان دوور کەوتەوە، چۆکی دادا و نوێژی دەکرد. فەرمووی: «باوکە، ئەگەر دەتەوێت ئەم جامەم لەسەر لاببە، بەڵام نەک بە خواستی من، بەڵکو بە خواستی خۆت بێت.» فریشتەیەکیش لە ئاسمانەوە بۆی دەرکەوت بەهێزی دەکرد. کە لە ململانێدا بوو، زۆر بە گوڕتر نوێژی دەکرد و ئارەقەکەی وەک دڵۆپی خوێنی لێهات دەکەوتە سەر زەوی. ئینجا لە نوێژەکە هەستا و هاتە لای قوتابییەکان، بینی لە خەمان خەویان لێ کەوتووە. پێی فەرموون: «بۆچی خەوتوون؟ هەستن و نوێژ بکەن، تاکو نەکەونە ناو تاقیکردنەوەوە.»

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان