لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 14:22-38

لۆقا 14:22-38 KSS

کە کاتی نانخواردن هات، عیسا لەسەر خوان دانیشت، نێردراوانیش لەگەڵی بوون. پێی فەرموون: «زۆر ئارەزووم کرد پێش ئازارچێژتنم ئەم نانەی پەسخەتان لەگەڵ بخۆم، چونکە پێتان دەڵێم: ئیتر نانی پەسخە ناخۆم هەتا لە شانشینی خودا بە تەواویی دێتە دی.» جامێکی هەڵگرت و سوپاسی خودای کرد، فەرمووی: «ئەمە بگرن و لەنێوان خۆتان بەشی بکەن. پێتان دەڵێم: ئیتر لە بەرهەمی مێو ناخۆمەوە هەتا شانشینی خودا دێت!» نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد و لەتی کرد، پێیدان و فەرمووی: «ئەمە جەستەی منە، کە لە پێناوی ئێوە بەخت دەکرێ. ئەمە بۆ یادکردنەوەی من بکەن.» بە هەمان شێوە پاش نانخواردن، جامەکەی هەڵگرت و فەرمووی: «ئەم جامە پەیمانی نوێیە بە خوێنی من، کە لە پێناوی ئێوە دەڕژێت. بەڵام ئەو دەستەی کە بە گرتنم دەدات لەگەڵ من لەسەر خوانە. کوڕی مرۆڤ بەگوێرەی ئەوەی بۆی دانراوە دەڕوات، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی ناپاکی لێدەکات.» ئیتر لەناو خۆیان کەوتنە مشتومڕ، ئاخۆ کامیان خەریکە ئەمە بکات. هەروەها دەمەقاڵەیەک کەوتە نێوانیان، لەسەر ئەوەی کە کامیان پایەبەرزترە. عیسا پێی فەرموون: «پاشایانی نەتەوەکانی دیکە فەرمانڕەواییان بەسەردا دەکەن و دەسەڵاتدارانیش بەسەریانەوە بە ”چاکەکار“ ناودەبردرێن. بەڵام ئێوە ئاوا مەبن. بەڵکو با پایەبەرز لەنێوتاندا ببێتە بچووک و ئەوەش کە ڕابەرایەتی دەکات وەک خزمەتکار بێت. کێ پایەبەرزترە، ئەوەی لەسەر خوان دانیشتووە یان ئەوەی خزمەت دەکات؟ بێگومان ئەوەی کە لەسەر خوان دانیشتووە. بەڵام من لەنێوتان وەک ئەوەم کە خزمەت دەکات. ئێوە ئەوانەن کە لە تاقیکردنەوەکانمدا لەگەڵم مانەوە. منیش شانشینێکتان بۆ دادەنێم، هەروەک باوکم بۆی داناوم، تاکو لە شانشینەکەمدا لەسەر خوانەکەم بخۆن و بخۆنەوە، لەسەر تەخت دادەنیشن و دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیل حوکم دەدەن. «شیمۆن، شیمۆن، شەیتان داوای کردوون تاقیتان بکاتەوە، وەک گەنم لە بێژنگتان بدات. بەڵام من نوێژم بۆ کردیت تاکو باوەڕت لەدەست نەدەیت. تۆش کە دەگەڕێیتەوە برایانت بەهێز بکە.» ئەویش پێی گوت: «گەورەم، من ئامادەم لەگەڵ تۆدا بۆ زیندان و بۆ مردنیش بچم.» کەچی عیسا فەرمووی: «پەترۆس پێت دەڵێم، ئەمڕۆ پێش خوێندنی کەڵەشێر، تۆ سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت.» ئینجا پێی فەرموون: «کاتێک ئێوەم بەبێ جزدان و توورەکە و پێڵاو نارد، ئایا پێویستتان بە هیچ بوو؟» گوتیان: «نەخێر.» پێی فەرموون: «بەڵام ئێستا ئەوەی جزدان و توورەکەی هەیە با بیبات لەگەڵ خۆی. ئەوەش کە شمشێری نییە، با جلەکانی بفرۆشێت و شمشێر بکڕێت. من پێتان دەڵێم: ئەمەی نووسراوە: ﴿لەگەڵ یاخیبووان ژمێردرا،﴾ پێویستە لە مندا بێتە دی، چونکە ئەو شتانەی لەبارەی منەوە نووسراون دێنە دی.» گوتیان: «گەورەم، ئەوەتا دوو شمشێر لێرەیە.» پێی فەرموون: «بەسە.»

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان