ئینجا دەستی کرد بە هێنانەوەی ئەم نموونەیە بۆ خەڵکەکە: «کابرایەک ڕەزێکی چاند و بە ڕەزەوانانی سپارد و بۆ ماوەیەکی زۆر گەشتی کرد. لە وەرزی بەروبووم کۆکردنەوەدا کۆیلەیەکی بۆ لای ڕەزەوانەکان نارد، تاکو لە بەرهەمی ڕەزەکەی بدەنێ، بەڵام ڕەزەوانەکان لێیاندا و بە دەستی بەتاڵ ناردییانەوە. کۆیلەیەکی دیکەشی نارد، بەڵام لەمەشیان دا و سووکایەتییان پێکرد و بە دەستبەتاڵی ناردییانەوە. سێیەمیشی نارد، ئەمەیان بریندار کرد و دەریانکرد. «خاوەن ڕەزەکە گوتی: ”چی بکەم؟ کوڕە خۆشەویستەکەم دەنێرم، لەوانەیە ڕێزی بگرن.“ «بەڵام کە ڕەزەوانەکان بینییان، تەگبیریان لەگەڵ یەکتری کرد و گوتیان: ”ئەوەتا میراتگر، با بیکوژین، تاکو ببینە میراتگر.“ ئینجا بردیانە دەرەوەی ڕەزەکە و کوشتیان. «ئیتر دەبێت خاوەنی ڕەزەکە چییان لێ بکات؟ دێت و ئەم ڕەزەوانانە لەناودەبات و ڕەزەکە دەداتە خەڵکی دیکە.» کاتێک گوێیان لێبوو گوتیان: «خودا نەکات!» ئەویش سەیری کردن و فەرمووی: «کەواتە ئەمەی نووسراوە چییە: «﴿ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە، بوو بە گرنگترین بەردی بناغە﴾؟ ئەوەی بەسەر بەردەکەدا بکەوێت تێکدەشکێت، ئەوەش کە بەردەکە بەسەریدا بکەوێت وردوخاشی دەکات.» لەو کاتەدا مامۆستایانی تەورات و کاهینانی باڵا هەوڵیان دا بیگرن، چونکە زانییان ئەو نموونەیەی لەسەر ئەوان هێنایەوە، بەڵام لە خەڵکەکە ترسان. ئینجا چاودێریی عیسایان کرد و سیخوڕیان نارد کە خۆیان بە ڕاستودروست دەردەخست، تاکو بە قسەی خۆی تووشی بکەن و بیدەنە دەست حوکم و دەسەڵاتی فەرمانڕەوا. ئیتر سیخوڕەکان پرسیاریان لێکرد: «مامۆستا، دەزانین لە قسەکردن و فێرکرنتدا ڕاستی، لایەنگری کەسیش ناکەیت، بەڵکو ڕێگای خودا بە ڕاستی فێر دەکەیت. بۆ ئێمە دروستە سەرانە بدەینە قەیسەر یان نا؟» عیسا کە بە فێڵەکەیانی دەزانی، پێی فەرموون: «دینارێکم نیشان بدەن. ئەم وێنە و نووسینە هی کێیە؟» گوتیان: «هی قەیسەرە.» ئەویش پێی فەرموون: «هی قەیسەر بدەنە قەیسەر، هی خوداش بدەنە خودا.» ئیتر نەیانتوانی لەبەردەم خەڵکدا بە قسەکەی تووشی بکەن، سەرسامیش بوون لە وەڵامەکەی و بێدەنگ بوون. هەندێک سەدوقی هاتن، ئەوانەی دەڵێن هەستانەوە نییە، لێیان پرسی: «مامۆستا، موسا بۆی نووسیوین، ئەگەر یەکێک براکەی بە وەجاخکوێری مرد و ژنەکەی لەپاش خۆی بەجێهێشت، ئەوا براژنەکەی دەخوازێتەوە و وەچە بۆ براکەی دەخاتەوە. ئینجا حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە وەجاخکوێری مرد. دووەمیش و سێیەمیش خواستیانەوە، هەر حەوتیان بە هەمان شێوە بە وەجاخکوێری مردن. لەدوای هەموویان ژنەکەش مرد. ئایا لە ڕۆژی زیندووبوونەوەدا دەبێتە ژنی کامیان؟ چونکە ژنی هەر حەوتیان بووە.» عیساش پێی فەرموون: «خەڵکی ئەم دنیایە ژن دەهێنن و شوو دەکەن، بەڵام ئەوانەی شایانی گەیشتنن بەو دنیا و هەستانەوەی نێو مردووان، ژن ناهێنن و شوو ناکەن. هەروەها ناتوانن بمرن، چونکە وەک فریشتەن و کوڕی خودان کە کوڕی هەستانەوەن. تەنانەت موساش لە چیرۆکی دەوەنەکە ڕوونی دەکاتەوە کە مردووان هەڵدەستنەوە، چونکە یەزدانی ناوبرد بە ﴿خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوب.﴾ ئەو خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە، چونکە لای ئەو هەموو زیندوون.» هەندێک لە مامۆستایانی تەورات وەڵامیان دایەوە: «مامۆستا، باشت فەرموو.» ئیتر نەیانوێرا هیچی دیکەی لێ بپرسن.
لۆقا 20 بخوێنەوە
گوێگرتن لە لۆقا 20
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: لۆقا 9:20-40
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان