منداڵەکەش گەشەی دەکرد و بەهێز دەبوو، پڕبوو لە دانایی و نیعمەتی خوداشی لەسەر بوو. دایک و باوکی هەموو ساڵێک لە جەژنی پەسخە دەچوونە ئۆرشەلیم. کاتێک عیسا بووە دوازدە ساڵ، وەک نەریتی جەژن بەرەو ئۆرشەلیم سەرکەوتن. دوای تەواوبوونی جەژن و لە گەڕانەوەیاندا، بەبێ ئەوەی دایک و باوکی بزانن، عیسای مێردمنداڵ لە ئۆرشەلیم مایەوە. لەبەر ئەوەی پێیان وابوو لەنێو کاروانەکەیە، ڕۆژە ڕێیەک ڕۆیشتن. دوای ئەوە لەناو خزم و ناسیاوەکاندا بەدوایدا گەڕان. کاتێک نەیاندۆزییەوە، گەڕانەوە بۆ ئۆرشەلیم بۆ ئەوەی بەدوایدا بگەڕێن. دوای سێ ڕۆژ لە حەوشەکانی پەرستگادا دۆزیانەوە، بینییان لەناو مامۆستایان دانیشتووە، گوێیان لێ دەگرێت و پرسیاریان لێدەکات. هەموو ئەوانەی گوێیان لێی ڕاگرتبوو، لە تێگەیشتن و وەڵامەکانی سەرسام بوون. کاتێک بینییان واقیان وڕما، ئینجا دایکی پێی گوت: «کوڕم، بۆ وات لێکردین؟ من و باوکت نیگەرانت بووین و بەدواتدا دەگەڕاین.» وەڵامی دانەوە: «بۆچی بەدوامدا دەگەڕان؟ نەتاندەزانی پێویستە لە ماڵی باوکمدا بم؟» بەڵام لەو قسەیە تێنەگەیشتن کە پێی فەرموون. ئینجا لەگەڵیان گەڕایەوە و هاتەوە ناسیرە و گوێڕایەڵیان بوو. مریەمی دایکی ئەمانەی هەموو دەخستە دڵییەوە. عیساش لە دانایی و باڵا گەشەی دەکرد، جێی ڕەزامەندی خودا و خەڵکی بوو.
لۆقا 2 بخوێنەوە
گوێگرتن لە لۆقا 2
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: لۆقا 40:2-52
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان