لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 1:19-27

لۆقا 1:19-27 KSS

ئینجا عیسا چووە ناو ئەریحا و پێیدا تێدەپەڕی. لەوێ کابرایەکی لێبوو بە ناوی زەکا، دەوڵەمەند و گەورەی باجگران بوو. دەیویست ببینێت عیسا کێیە، بەڵام لەبەر خەڵکەکە نەیدەتوانی، چونکە کورتەباڵا بوو. ڕایکرد و سەرکەوتە سەر دار هەنجیرێک تاکو بیبینێت، چونکە عیسا بەوێدا تێدەپەڕی. کە عیسا گەیشتە شوێنەکە، چاوی هەڵبڕی و پێی فەرموو: «زەکا، خێرا وەرە خوارەوە، چونکە دەبێت ئەمڕۆ لە ماڵی تۆ بمێنمەوە.» جا خێرا هاتە خوارەوە و بە خۆشییەوە پێشوازی لێکرد. هەموو بینییان و دەستیان کرد بە بۆڵەبۆڵکردن و گوتیان: «چووە بووەتە میوانی گوناهبارێک.» بەڵام زەکا ڕاوەستا و بە مەسیحی خاوەن شکۆی گوت: «گەورەم، ئەوەتا نیوەی سامانەکەم دەدەمە هەژاران و ئەگەر بە هەر شێوەیەک فێڵم لە کەسێک کردبێت، چوارقاتی دەدەمەوە.» عیساش پێی فەرموو: «ئەمڕۆ ڕزگاری بۆ ئەم ماڵە هات، لەبەر ئەوەی ئەویش کوڕی ئیبراهیمە، چونکە کوڕی مرۆڤ هاتووە بەدوای لەناوچواندا بگەڕێت و ڕزگاریان بکات.» کاتێک خەڵکەکە گوێیان لەمانە دەگرت، درێژەی پێدا و نموونەیەکی هێنایەوە، چونکە لە ئۆرشەلیم نزیک بوو و وایان دەزانی کە پاشایەتی خودا خەریکە دەردەکەوێت. ئینجا فەرمووی: «پیاوماقوڵێک بۆ وڵاتێکی دوور ڕۆیشت، تاوەکو شانشینێک بۆ خۆی وەربگرێت و بێتەوە. دە لە کۆیلەکانی خۆی بانگکرد و دە کیسە زیوی پێدان و پێی گوتن، هەتا دێمەوە بازرگانی بکەن. «بەڵام دانیشتووانی ناوچەکە ڕقیان لێی بوو، شاندێکیان بەدوایدا نارد و گوتیان: ”نامانەوێت ئەمە پاشایەتیمان بکات.“ «ئەوە بوو کە گەڕایەوە پاشایەتییەکەی وەرگرتبوو، فەرمانی دا ئەو کۆیلانەی زیوەکەی پێدابوون بانگ بکرێنە لای، تاکو بزانێت چییان لە بازرگانی قازانج کردووە. «یەکەمیان هات و گوتی: ”گەورەم، کیسە زیوەکەت دە کیسە زیوی قازانج کردووە.“ «ئەویش پێی گوت: ”ئافەرین کۆیلەی چاک، چونکە لە کەمترین شت دەستپاک بوویت، ببە بە فەرمانڕەوای دە شار.“ «دووەمیان هات و گوتی: ”گەورەم، کیسە زیوەکەت پێنج کیسە زیوی قازانج کردووە.“ «بەمەشیانی گوت: ”تۆش ببە بە فەرمانڕەوای پێنج شار.“ «ئەوی دیکە هات و گوتی: ”گەورەم ئەوەتا کیسە زیوەکەت، لە دەستەسڕێک پێچابوومەوە و هەڵمگرتبوو. لە ڕاستیدا لێت ترسام، لەبەر ئەوەی پیاوێکی دڵڕەقیت، ئەوەی داتنەناوە دەیبەیت و ئەوەی نەتچاندووە دروێنەی دەکەیت.“ «ئەویش پێی گوت: ”ئەی کۆیلەی بەدکار، بە زارت تاوانبارت دەکەم، کە دەتزانی پیاوێکی دڵڕەقم، ئەوەی دامنەناوە دەیبەم و ئەوەی نەمچاندووە دروێنەی دەکەم، ئیتر بۆچی زیوەکەمت لە بانک دانەنا، کاتێک دەهاتمەوە لەگەڵ سوودەکەی وەرمدەگرتەوە؟“ «بەوانەی گوت کە لەوێ ڕاوەستابوون: ”کیسە زیوەکەی لێ بسەننەوە و بیدەنە ئەوەی دە کیسە زیوەکەی پێیە.“ «ئەوانیش پێیان گوت: ”گەورەم، دە کیسە زیوی هەیە!“ «وەڵامی دایەوە: ”پێتان دەڵێم: ئەوەی هەیەتی پێی دەدرێت، بەڵام ئەوەی نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە. دوژمنانیشم، ئەوانەی نەیاندەویست پاشایەتییان بکەم، بیانهێننە ئێرە و لەبەردەمم بیانکوژن.“»