لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 1:18-25

لۆقا 1:18-25 KSS

عیسا نموونەیەکی بۆ هێنانەوە کە پێویستە هەمیشە نوێژ بکەن و ورە بەرنەدەن. فەرمووی: «لە شارێک دادوەرێک هەبوو لە خودا نەدەترسا و ڕێزی مرۆڤیشی نەدەگرت. لەو شارەدا بێوەژنێک هەبوو، دەهاتە لای و دەیگوت: ”مافم لە نەیارەکەم بستێنەوە.“ «ئەویش ماوەیەک نەیدەویست، بەڵام دواتر لە دڵی خۆیدا گوتی: ”هەرچەندە لە خودا ناترسم و ڕێزیش لە مرۆڤ ناگرم، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم بێوەژنە بێزارم نەکات، مافەکەی بۆ وەردەگرمەوە، ئەگینا وازناهێنێت و وەڕسم دەکات.“» مەسیحی خاوەن شکۆ فەرمووی: «گوێ بگرن لەوەی دادوەرە زۆردارەکە دەیڵێت. باشە خودا مافی هەڵبژێردراوەکانی خۆی کە شەو و ڕۆژ لێی دەپاڕێنەوە وەرناگرێت؟ ئایا درەنگ وەڵامیان دەداتەوە؟ پێتان دەڵێم: خێرا مافیان بۆ وەردەگرێت. بەڵام کاتێک کوڕی مرۆڤ دێتەوە، ئایا باوەڕ لەسەر زەوی دەدۆزێتەوە؟» بۆ ئەوانەی کە لە بێتاوانبوونی خۆیان دڵنیا بوون و خەڵکیان بە سووک سەیر دەکرد، ئەم نموونەیەی هێنایەوە: «دوو کەس بۆ نوێژکردن چوونە پەرستگا، یەکێکیان فەریسی و ئەوەی دیکە باجگر. فەریسییەکە وەستا، لە دڵی خۆیدا ئەم نوێژەی دەکرد: ”خودایە سوپاست دەکەم وەک خەڵکی دیکە نیم، کە قۆڵبڕ و خراپەکار و داوێنپیسن، وەک ئەم باجگرەش نیم. هەفتەی دوو جار بەڕۆژوو دەبم، ئەوەی دەستم دەکەوێت دەیەکی دەبەخشم.“ «بەڵام باجگرەکە لە دوورەوە ڕاوەستا، نەیدەویست چاوی بۆ ئاسمان بەرز بکاتەوە، سنگی خۆی دەکوتا و دەیگوت: ”ئەی خودایە بەزەییت بە منی گوناهباردا بێتەوە.“ «پێتان دەڵێم، ئەمە گەڕایەوە ماڵی خۆی بێتاوان کرابوو، پێچەوانەی ئەوی دیکە، چونکە ئەوەی خۆی بەرز بکاتەوە نزم دەکرێتەوە، ئەوەش خۆی نزم بکاتەوە بەرز دەکرێتەوە.» خەڵک منداڵی ساوایان هێنایە لای عیسا تاوەکو دەستیان لەسەر دابنێت. کاتێک قوتابییەکان ئەمەیان بینی سەرزەنشتیان کردن. بەڵام عیسا بانگی منداڵەکانی کرد و فەرمووی: «لێگەڕێن منداڵان بێنە لام، ڕێیان لێ مەگرن، چونکە شانشینی خودا هی وەک ئەمانەیە. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی وەک منداڵێک شانشینی خودا قبوڵ نەکات، هەرگیز ناچێتە ناویەوە.» کابرایەکی دەسەڵاتدار پرسیاری لێکرد: «مامۆستای باش، چی بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە میرات وەربگرم؟» عیسا پێی فەرموو: «بۆچی بە باش ناوم دەبەیت؟ بێجگە لە خودا کەس باش نییە. ڕاسپاردەکان دەزانیت: ﴿داوێنپیسی مەکە، مەکوژە، مەدزە، شایەتی درۆ مەدە، ڕێزی دایک و باوکت بگرە.﴾» ئەویش گوتی: «لە منداڵییەوە هەموو ئەم ڕاسپاردانەم بەجێگەیاندووە.» عیساش گوێی لەمە بوو، پێی فەرموو: «هێشتا شتێکت کەمە. هەرچیت هەیە هەمووی بفرۆشە و بەسەر هەژاران دابەشی بکە، گەنجینەیەکت لە ئاسماندا دەبێت. ئینجا وەرە دوام بکەوە.» کاتێک ئەمەی بیست، زۆر دڵتەنگ بوو، چونکە زۆر دەوڵەمەند بوو. کاتێک عیسا ئەوی بە خەمناکی بینی، فەرمووی: «چوونە ناو شانشینی خودا بۆ دەوڵەمەند چەند زەحمەتە! ئاسانترە وشترێک بە کونی دەرزییەکەوە بچێت لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە.»