لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 18:13-35

لۆقا 18:13-35 KSS

ئینجا عیسا فەرمووی: «شانشینی خودا لە چی دەچێت؟ بە چی بەراوردی بکەم؟ لە دەنکە خەرتەلەیەک دەچێت، کابرایەک بردی و لەناو باخەکەی چاندی، جا گەشەی کرد و بوو بە درەختێک، باڵندەی ئاسمان لەناو لقەکانی هێلانەیان کرد.» دیسان فەرمووی: «شانشینی خودا بە چی بەراورد بکەم؟ لە هەویرترشێک دەچێت، ئافرەتێک هێنای و کردییە ناو سێ پێوانە ئاردەوە، هەتا هەمووی هەڵهات.» کاتێک عیسا دەچووە ئۆرشەلیم، بە شار و گوندەکاندا تێدەپەڕی و خەڵکی فێردەکرد. یەکێک پێی گوت: «گەورەم، ئایا کەمن ئەوانەی ڕزگاریان دەبێت؟» ئەویش پێی فەرموون: «کۆشش بکەن تاکو لە دەرگای تەنگەوە بچنە ژوورەوە، چونکە، پێتان دەڵێم، زۆر کەس هەوڵدەدەن بچنە ژوورەوە و ناتوانن. لەو دەمەی خاوەن ماڵ هەڵدەستێت و دەرگا دادەخات، ئێوە لە دەرەوە دەوەستن، لە دەرگا دەدەن و تکا دەکەن: ”گەورەم، لێمان بکەوە!“ «وەڵام دەداتەوە: ”من ناتانناسم و نازانم ئێوە خەڵکی کوێن.“ «ئەوسا دەڵێن: ”لەگەڵت خواردمان و خواردمانەوە و لە شەقامەکانمان فێرت کردین.“ «ئینجا دەڵێت: ”من ناتانناسم و نازانم ئێوە خەڵکی کوێن. ئەی هەموو بەدکاران، لێم دوور بکەونەوە!“ «کاتێک دەبینن ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب و هەموو پێغەمبەران لە شانشینی خودان، بەڵام ئێوە دەرکراون، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت. خەڵکی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکوور و باشوورەوە دێن و لە شانشینی خودا لەسەر خوان دادەنیشن. ئەوەتا دواهەمین هەن دەبنە یەکەمین و یەکەمینیش هەن دەبنە دواهەمین.» لەو کاتەدا هەندێک فەریسی هاتن و پێیان گوت: «ئێرە بەجێبهێڵە و بڕۆ، چونکە هێرۆدس دەیەوێت بتکوژێت.» ئەویش پێی فەرموون: «بڕۆن بەو ڕێویە بڵێن، ”ئەوەتا ئەمڕۆ و بەیانی ڕۆحە پیسەکان دەردەکەم و خەڵکی چاک دەکەمەوە، لە ڕۆژی سێیەمیش هەموو شتێک تەواو دەکەم.“ بەڵام بۆ من پێویستە ئەمڕۆ و سبەی و دووسبەی بڕۆم، چونکە نابێت پێغەمبەرێک لە دەرەوەی ئۆرشەلیم بمرێت. «ئەی ئۆرشەلیم، ئەی ئۆرشەلیم، بکوژی پێغەمبەران و بەردبارانکەری ئەوانەی بۆت نێردران، چەند جار ویستم منداڵەکانت کۆبکەمەوە، هەروەک چۆن مریشک جوجەڵەکانی لەژێر باڵیدا کۆدەکاتەوە، بەڵام نەتانویست. ئەوەتا ماڵەکەتان بە وێرانی بۆ بەجێدەهێڵدرێ. پێتان دەڵێم، ئیتر نامبیننەوە، هەتا ئەو کاتە دێت کە دەڵێن، ﴿پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت.﴾»