هەر لەو کاتەدا هەندێک لەوێ بوون، باسی ئەو جەلیلییانەیان بۆ عیسا کرد کە پیلاتۆس خوێنی لەگەڵ قوربانییەکانیان تێکەڵاو کرد. عیسا وەڵامی دایەوە: «وا دەزانن ئەو جەلیلییانە لە هەموو جەلیلییەکانی دیکە گوناهبارتر بوون، چونکە بەم شێوەیە ئازاریان چێژت؟ پێتان دەڵێم: نەخێر، بەڵام ئەگەر تۆبە نەکەن هەمووتان بەو شێوەیە لەناودەچن. یان ئەو هەژدە کەسەی لە سیلوام قوللەکەیان بەسەردا کەوت و کوشتنی، لە هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم گوناهبارتر بوون؟ من پێتان دەڵێم: نەخێر، بەڵام ئەگەر تۆبە نەکەن هەمووتان بەو شێوەیە لەناودەچن.» ئینجا ئەم نموونەیەی باسکرد: «کابرایەک دار هەنجیرێکی لە ڕەزەکەیدا چاندبوو، بۆ بەرهەم هات و پێوەی نەبینی. بە ڕەزەوانەکەی گوت: ”تەماشا بکە، سێ ساڵە بۆ بەری ئەم دار هەنجیرە دێم و پێوەی نابینم! بیبڕەوە، بۆچی زەویش داگیر بکات؟“ «ڕەزەوانەکە وەڵامی دایەوە: ”گەورەم، ئەم ساڵیش وازی لێبهێنە، تاکو دەوروبەری هەڵدەگێڕمەوە و پەیینی پێدا دەکەم. بەڵکو دواتر بەر بگرێت، ئەگینا بیبڕەوە.“» عیسا لە ڕۆژی شەممەدا لە یەکێک لە کەنیشتەکان خەریکی فێرکردن بوو، ژنێک بەهۆی ڕۆحێکی پیسەوە هەژدە ساڵ نەخۆش بوو، قەمبوور بوو و هەرگیز نەیدەتوانی بە تەواوی ڕاستبێتەوە. عیسا ژنەکەی بینی، بانگی کرد: «خانم، لە نەخۆشییەکەت ئازاد کرایت.» ئینجا هەردوو دەستی خستە سەری و دەستبەجێ ڕاستبووەوە و ستایشی خودای کرد. پێشەوای کەنیشتیش تووڕە بوو کە عیسا لە شەممەدا خەڵکی چاککردەوە، بە خەڵکەکەی گوت: «شەش ڕۆژ هەیە کە پێویستە کاریان تێدا بکرێت، لەواندا وەرن و چاکبنەوە، نەک لە ڕۆژی شەممەدا.» مەسیحیش وەڵامی دایەوە: «ئەی دووڕووان! ئایا هەر یەک لە ئێوە لە ڕۆژی شەممەدا گا یان گوێدرێژەکەی لە ئاخوڕ ناکاتەوە و بیبات ئاوی بدات؟ ئەوەش کە کچی ئیبراهیمە و هەژدە ساڵە شەیتان بەستویەتییەوە، نەدەبوو لە ڕۆژی شەممەدا لەم بەندە ئازاد بێت؟» کە ئەمەی فەرموو، هەموو بەرهەڵستکارانی شەرمەزار بوون، بەڵام تەواوی خەڵکەکە دڵشاد بوون بەو کارە مەزنانەی کە عیسا ئەنجامی دەدا. ئینجا عیسا فەرمووی: «شانشینی خودا لە چی دەچێت؟ بە چی بەراوردی بکەم؟ لە دەنکە خەرتەلەیەک دەچێت، کابرایەک بردی و لەناو باخەکەی چاندی، جا گەشەی کرد و بوو بە درەختێک، باڵندەی ئاسمان لەناو لقەکانی هێلانەیان کرد.» دیسان فەرمووی: «شانشینی خودا بە چی بەراورد بکەم؟ لە هەویرترشێک دەچێت، ئافرەتێک هێنای و کردییە ناو سێ پێوانە ئاردەوە، هەتا هەمووی هەڵهات.»
لۆقا 13 بخوێنەوە
گوێگرتن لە لۆقا 13
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: لۆقا 1:13-21
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان