«پێشتان دەڵێم: ئەوەی لەبەردەم خەڵک دانم پێدا بنێت، کوڕی مرۆڤیش لەبەردەم فریشتەکانی خودا دانی پێدا دەنێت. بەڵام ئەوەی لەلای خەڵک نکۆڵی لە ناسینی من بکات، لەبەردەم فریشتەکانی خودا نکۆڵی لێ دەکرێت. ئەوەی قسە بە کوڕی مرۆڤ بڵێت، دەبەخشرێت. بەڵام ئەوەی سەبارەت بە ڕۆحی پیرۆز کفر بکات، نابەخشرێت. «کاتێک دەتانهێننە بەردەم کەنیشت و فەرمانڕەوا و دەسەڵاتداران، نیگەران مەبن لەوەی کە چۆن بەرگری لە خۆتان بکەن و چی بڵێن، چونکە ڕۆحی پیرۆز هەر لەو کاتەدا فێرتان دەکات پێویستە چی بڵێن.» یەکێکی ناو خەڵکەکە پێی گوت: «مامۆستا، بە براکەم بفەرموو میراتم لەگەڵ بەش بکات.» بەڵام ئەو پێی فەرموو: «کابرا، کێ منی کردووە بە دادوەر یان بەشکەر بەسەرتانەوە؟» بە خەڵکەکەی فەرموو: «ئاگاداربن و خۆتان لە هەموو جۆرە چاوچنۆکییەک بپارێزن، چونکە ژیانی مرۆڤ بە زۆری سامانەکەی نییە.» ئینجا نموونەیەکی بۆ هێنانەوە: «مرۆڤێکی دەوڵەمەند، زەوییەکەی بەرهەمێکی زۆری دا. لە دڵی خۆیدا گوتی: ”چی بکەم کە شوێنم نەبێ بەرهەمەکەمی لێ کۆبکەمەوە؟“ «جا گوتی: ”وا دەکەم، ئەمبارەکانم تێکدەدەم و گەورەتری دەکەم، لەوێدا هەموو دانەوێڵە و ماڵەکەم کۆدەکەمەوە. بە خۆشم دەڵێم: ’ئەی گیانم، ئەوەتا ماڵێکی زۆرت هەڵگرتووە کە بەشی چەندین ساڵ دەکات. بحەسێوە و بخۆ و بخۆوە و دڵشادبە.‘ “ «بەڵام خودا پێی فەرموو: ”ئەی گێلە، هەر ئەمشەو گیانت دەردەچێت. باشە ئەوەی کۆت کردووەتەوە، بۆ کێ دەبێت؟“ «بە هەمان شێوە دەبێ ئەو کەسەی گەنجینە بۆ خۆی کۆدەکاتەوە بەڵام لەلای خودا دەوڵەمەند نییە.» بە قوتابییەکانی فەرموو: «خەم بۆ ژیانتان مەخۆن کە چی بخۆن، هەروەها بۆ جەستەتان کە چی بپۆشن. ژیان لە خواردن گرنگترە و جەستەش لە جلوبەرگ. سەیری قەلەڕەش بکەن کە نە تۆو دەکات و نە دروێنە، نە ئەمباری هەیە و نە کۆگا، بەڵام خودا بەخێوی دەکات. باشە ئێوە چەند لە باڵندە بەنرخترن! کێ لە ئێوە ئەگەر خەم بخوات، دەتوانێت یەک کاتژمێر لە تەمەنی خۆی زیاد بکات؟ ئەگەر ئەو شتە بچووکانە لە توانای ئێوەدا نەبێت، بۆچی بۆ شتەکانی دیکە خەم دەخۆن؟ «سەیری گوڵی سەوسەن بکەن چۆن گەشە دەکات، نە خۆی ماندوو دەکات و نە دەڕێسێت. بەڵام پێتان دەڵێم: تەنانەت سلێمانیش لەوپەڕی شکۆمەندیدا وەک یەکێک لەوانەی نەپۆشیوە. ئەی کەم باوەڕینە، ئەگەر خودا ئەو گیایەی کە ئەمڕۆ لە کێڵگەیە و بەیانی دەخرێتە تەنوورەوە بەو شێوەیە بپۆشێت، ئیتر چەند زیاتر ئێوە پۆشتە دەکات؟ جا گرنگی بەوە مەدەن کە چی بخۆن و چی بخۆنەوە، خەم مەخۆن. هەموو ئەمانە بێباوەڕانی جیهان هەوڵی بۆ دەدەن، باوکیشتان دەزانێت پێویستتان بەمانە هەیە. بەڵکو داوای پاشایەتی ئەو بکەن، هەموو ئەمانەتان بۆ دابین دەکرێت. «مەترسە ئەی مێگەلی بچووک، چونکە باوکتان خۆشحاڵە شانشینەکەتان بداتێ. ئەوەی هەتانە بیفرۆشن و بە خێر بیبەخشن. بۆ خۆتان جزدانێک دابین بکەن کە نەفەوتێت، سامانێک لە ئاسمان کە لەبن نایەت. لەوێ نە دز لێی نزیک دەبێتەوە و نە مۆرانە لێی دەدات، چونکە سامانت لەکوێ بێت، دڵیشت لەوێ دەبێت.
لۆقا 12 بخوێنەوە
گوێگرتن لە لۆقا 12
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: لۆقا 8:12-34
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان