لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 57:1-80

لۆقا 57:1-80 KSS

ئەلیسابات کاتی منداڵبوونی هات و کوڕێکی بوو. جا دراوسێ و خزمانی بیستیان یەزدان دەرگای بەزەیی فراوانی خۆی بۆ کردووەتەوە، لەگەڵی شادمان بوون. لە ڕۆژی هەشتەمدا بۆ خەتەنەکردنی منداڵەکە هاتن، لەسەر ناوی باوکی ناویان لێنا زەکەریا. بەڵام دایکی گوتی: «نەخێر، ناوی دەنرێت یەحیا.» پێیان گوت: «کەس لە خزمانت بەم ناوە ناونەنراوە.» ئینجا ئاماژەیان بۆ باوکی کرد، دەیەوێت چ ناوێکی لێ بنێت. تەختەیەکی داوا کرد و لەسەری نووسی: «ناوی یەحیایە.» هەموو سەرسام بوون. دەستبەجێ دەم و زمانی زەکەریا کرایەوە، دەستی کرد بە قسەکردن و ستایشی خودا. هەموو دراوسێکانیان ترسیان لێ نیشت و لە سەراپای ناوچە شاخاوییەکانی یەهودیا هەموو ئەم شتانە بوون بە قسە و باسی سەر زاری خەڵکی. هەموو ئەوانەی ئەم باسەیان بیست لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «ئایا ئەم منداڵە دەبێتە چی؟» چونکە دەستی یەزدانی لەگەڵ بوو. زەکەریای باوکیشی پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز و پێشبینی کرد و گوتی: «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، چونکە گەلەکەی بەسەرکردەوە و کڕییەوە. هێزی ڕزگاریمانی هەستاندەوە، لە بنەماڵەی داودی بەندەی، وەک چۆن لە کۆنەوە لە ڕێگەی پێغەمبەرە پیرۆزەکانییەوە دواوە، بۆ ڕزگاربوون لە دەست دوژمنان و هەموو ناحەزانمان، هەروەها بۆ بەخشینی بەزەیی بە باوباپیرانمان و پەیوەستبوون بە پەیمانە پیرۆزەکەی، واتا ئەو سوێندەی کە بۆ ئیبراهیمی باپیرە گەورەمانی خوارد: کە ئێمە لە دەست دوژمن ڕزگارمان بێت و بێ ترس ئەو بپەرستین، هەموو ڕۆژانی ژیانمان بە پیرۆزی و ڕاستودروستی لەبەردەمیدا بین. «تۆش ئەی منداڵ، بە پێغەمبەری خودای هەرەبەرز ناودەبردرێیت، چونکە پێش یەزدان دەکەویت، تاکو ڕێگای بۆ ئامادە بکەیت، تاکو بە گەلەکەی ڕابگەیەنیت بە لێخۆشبوونی گوناهەکانیان ڕزگاریان دەبێت، بەهۆی بەزەییە بەسۆزەکەی خودامانەوە، کە بەهۆیەوە ڕووناکی لە بەرزاییەوە بەسەرماندا دەدرەوشێتەوە، تاکو بەسەر ئەوانەی لە تاریکی و لە سێبەری مەرگدا دانیشتوون بدرەوشێتەوە، بۆ ئەوەی پێیەکانمان بە ڕێگای ئاشتیدا ببات.» منداڵەکەش گەشەی دەکرد و لە ڕۆحدا بەهێز دەبوو، لە‏ چۆڵەوانی مایەوە هەتا ئەو ڕۆژەی کە خۆی بۆ گەلی ئیسرائیل دەرخست.