لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 38:1-55

لۆقا 38:1-55 KSS

مریەم گوتی: «ئەوەتا من کارەکەری یەزدانم. ئەوەی تۆ دەیفەرموویت با بێتە دی.» فریشتەکەش بەجێی هێشت. لەو ڕۆژانەدا، مریەم هەستا و خێرا بۆ شارۆچکەیەک چوو لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی یەهودیا. چووە ماڵی زەکەریا و سڵاوی لە ئەلیسابات کرد. کاتێک ئەلیسابات گوێی لە سڵاوەکەی مریەم بوو، منداڵەکە لە سکیدا کەوتە جوڵەجوڵ و ئەلیسابات پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز. ئەلیسابات بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «لەنێو ژناندا بەرەکەتداریت، بەرهەمی سکت بەرەکەتدار دەبێت! بۆ من کێم تاکو دایکی گەورەکەم بێت بۆ لام؟ چونکە هەرکە دەنگی سڵاوەکەت بەر گوێم کەوت، منداڵەکە لە خۆشیدا لە سکمدا هەڵبەزییەوە. خۆزگە دەخوازرێت بەوەی باوەڕی هێناوە کە لە یەزدانەوە چی پێ گوتراوە دێتە دی.» مریەمیش گوتی: «گیانم ستایشی یەزدان دەکات، ڕۆحم بە خودای ڕزگارکەرم دڵشادە، چونکە سەیری بێفیزی کارەکەرەکەی کرد. ئەوەتا لە ئێستاوە هەموو نەوەکان خۆزگە بە من دەخوازن، چونکە توانادار کاری گەورەی بۆ من ئەنجام دا، پیرۆزە ناوی ئەو. بەزەییەکەی بۆ ئەوانەیە کە لێی دەترسن، نەوە دوای نەوە. بە بازووی کاری بەهێزی ئەنجام دا، ئەوانەی بە بۆچوونەکانی دڵیان لووتبەرز بوون، پەرتوبڵاوی کردنەوە. تەختی توانادارەکانی سەرەوژێر کردووە و بێفیزەکانی بڵند کردەوە. برسییەکانی لە خێروبێر تێر کرد، دەوڵەمەندانی بە دەستی بەتاڵ ڕەوانە کردەوە. بە یارمەتیدانی گەلی ئیسرائیلی بەندەی خۆی هەتاهەتایە بەزەییەکەی بەبیر هێنایەوە لەگەڵ ئیبراهیم و نەوەکەی، هەروەک بەڵێنی بە باوباپیرانمان دا.»