لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لێڤییەکان 1:8-17

لێڤییەکان 1:8-17 KSS

هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «هارون و کوڕەکانی ببە، لەگەڵ جلەکان و زەیتی دەستنیشانکردنەکە و جوانەگاکەی قوربانی گوناه و دوو بەرانەکە و سەبەتە نانە فەتیرەکە. هەموو کۆمەڵیش لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن کۆبکەرەوە.» موساش وەک یەزدان فەرمانی پێ کرد، ئاوای کرد، ئیتر کۆمەڵەکە لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن کۆبوونەوە. موسا بە کۆمەڵەکەی گوت: «یەزدان فەرمانی داوە ئەمە بکرێت.» ئینجا موسا هارون و کوڕەکانی هێنایە پێشەوە و بە ئاو شوشتنی. کراسەکەی لەبەر هارون کرد و کەمەربەندەکەی بۆ بەست، کەواکەی لەبەری کرد، ئێفۆدەکەی خستە سەر و بە پشتبەستی ئێفۆدەکە بەستی و توندی کرد. بەرسینەکەی لەبەری کرد و ئوریم و تومیمەکەی خستە ناو بەرسینەکە. مێزەرەکەشی خستە سەر سەری هارون. لەسەر مێزەرەکە بەلای پێشەوە پلێتە زێڕەکەی دانا کە تاجەگوڵینەی پیرۆزە، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد. ئینجا موسا زەیتی دەستنیشانکردنەکەی هێنا و چادرەکەی پەرستن و هەرچی تێیدا بوو دەستنیشانی کرد و تەرخانی کرد. حەوت جاریش بەسەر قوربانگاکەدا پرژاندی و قوربانگاکە و هەموو قاپوقاچاغەکانی و حەوزەکە و بنکەکەی دەستنیشان کرد بۆ تەرخانکردنیان. هەندێک لە زەیتی دەستنیشانکردنەکەشی لە سەری هارون دا و دەستنیشانی کرد بۆ تەرخانکردنی. موسا کوڕەکانی هارونی هێنایە پێشەوە و کراسی لەبەرکردن و کەمەربەندی بۆ بەستن و سەرپێچەکانی بۆ توند کردنەوە، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد. ئینجا جوانەگاکەی قوربانی گوناهی هێنایە پێشەوە و هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری جوانەگاکەی گوناه دانا. موسا سەری بڕی و هەندێک لە خوێنەکەی برد و بە پەنجەی دەستی خوێنەکەی لە هەموو قۆچەکانی قوربانگاکە دا بۆ ئەوەی قوربانگاکە پاک بکاتەوە. ئینجا پاشماوەی خوێنەکەی ڕشتە بنکەی قوربانگاکە. ئیتر تەرخانی کرد بۆ کەفارەتکردن بۆی. موسا هەموو ئەو پیوەی کە هەناوی داپۆشیوە لەگەڵ ئەوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە و هەردوو گورچیلەکەی برد و لەسەر قوربانگاکە سووتاندنی. بەڵام جوانەگاکەی بە پێست و گۆشت و ڕیخۆڵەکەیەوە لە دەرەوەی ئۆردوگاکە بە ئاگر سووتاند، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.