لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لێڤییەکان 27:26-46

لێڤییەکان 27:26-46 KSS

«”ئەگەر بەوەش گوێم لێ نەگرن، بەڵکو بە پێچەوانەوە لەگەڵم جوڵانەوە، ئەوا بە پێچەوانەوە لەگەڵتان دەجوڵێمەوە بە تووڕەییم و حەوت قات بۆ گوناهەکانتان سزاتان دەدەم. جا گۆشتی کوڕ و کچەکانتان دەخۆن. نزرگەکانی سەر بەرزاییتان وێران دەکەم و قوربانگاکانی بخوورتان تەخت دەکەم، لاشەکانتان فڕێدەدەمە سەر لاشەی بتەکانتان و قێزتان لێ دەکەمەوە. شارۆچکەکانتان وێران دەکەم و شوێنە پیرۆزەکانتان دەکەمە چۆڵەوانی، بۆنەکانی خۆشی قوربانی ئێوە دڵخۆشم ناکات. خاکەکە دەکەمە چۆڵەوانی و دوژمنەکانتان کە تێیدا نیشتەجێ دەبن، سەرسام دەبن. بەناو نەتەوەکاندا پەرشوبڵاوتان دەکەمەوە و شمشێرەکەم هەڵدەکێشم و ڕاوتان دەنێم. جا خاکەکەتان دەبێتە چۆڵەوانی و شارۆچکەکانتان وێران دەبێت. پاشان هەموو ڕۆژانی چۆڵبوونی، زەوییەکە پشووی ساڵەکانی خۆی وەردەگرێت، ئێوەش لە خاکی دوژمنەکانتان دەبن؛ ئەوسا زەوییەکە پشوو دەدات و سوود لە پشووەکانی وەردەگرێت. هەموو ڕۆژانی چۆڵبوونی پشوو دەدات، ئەو پشووانەی کە ئێوە پێتان نەدەدا، کاتێک تێیدا نیشتەجێ بوون. «”ئەوانەی لێتان دەمێنێتەوە، ئەوا ترسنۆکی دەخەمە دڵیان لە خاکی دوژمنانیان و دەنگی گەڵایەکی هەڵوەریو دەیانبەزێنێت، جا وەک لە شمشێر هەڵبێن ئاوا هەڵدێن و بێ ئەوەی کەس ڕاویان بنێت دەکەون. بەسەر یەکتردا دەکەون هەروەک لە شمشێر هەڵبێن و بێ ئەوەی کەس ڕاویان بنێت، لەبەردەم دوژمنەکانتان هەستانەوەتان نابێت، جا لەنێو گەلان لەناودەچن و خاکی دوژمنانتان دەتانخوات. ئەوانەی لێتان دەمێنێتەوە ئەوا لە خاکی دوژمنانتان بە گوناهەکانیانەوە لەناودەچن، هەروەها بە گوناهی باوکانیشیانەوە لەناودەچن. «”بەڵام ئەگەر دانیان بە گوناهەکانی خۆیان و باوک و باپیرانیاندا نا، لەو ناپاکییەی لەگەڵ من کردیان کە بە پێچەوانەوە لەگەڵم جوڵانەوە، لەبەر ئەوە منیش بە پێچەوانەوە لەگەڵیاندا جوڵامەوە و ئەوانم بردە خاکی دوژمنانیان هەتا دڵە خەتەنەنەکراوەکانیان بێفیز بێت و باجی گوناهەکانیان بدەنەوە، ئەوا پەیمانەکەم لەگەڵ یاقوب بەبیر دێتەوە. هەروەها پەیمانەکەم لەگەڵ ئیسحاق و پەیمانەکەم لەگەڵ ئیبراهیم و خاکەکەشم بەبیر دێتەوە. خاکەکەش لەلایەن ئەوانەوە چۆڵ دەکرێت و سوود لە پشووەکانی وەردەگرێت کاتێک بەبێ ئەوان چۆڵەوانییە. ئەوانیش باجی گوناهەکانیان دەدەنەوە، چونکە یاساکانی منیان ڕەتکردەوە و لە ناخەوە قێزیان لە فەرزەکانم بووەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک لە خاکی دوژمنانیان بوون، ڕەتم نەکردنەوە و قێزم لێیان نەکردەوە، هەتا بە تەواوی لەناویان ببەم و پەیمانم لەگەڵیان بشکێنم، چونکە من یەزدانی پەروەردگاریانم. بەڵکو لە پێناویان یادی ئەو پەیمانەیان بۆ دەکەمەوە کە لەگەڵ باوباپیرانیان بەستم، ئەوانەی لەبەرچاوی نەتەوەکان لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان هەتا ببمە خودای خۆیان. من یەزدانم.“» ئەوانە فەرز و یاسا و ڕێنماییەکانن کە یەزدان لەنێوان خۆی و نەوەی ئیسرائیلدا داینا، لە شاخی سینا لەسەر دەستی موسا.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان