لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لێڤییەکان 1:26-20

لێڤییەکان 1:26-20 KSS

«”بت بۆ خۆتان دروستمەکەن و پەیکەری تاشراو و بەردی تەرخانکراو دامەمەزرێنن، لە خاکەکەتان بەردی وێنە لەسەر کێشراو دامەنێن، هەتا کڕنۆشی بۆ ببەن، چونکە من یەزدانی پەروەردگارتانم. «”شەممەکانم بپارێزن و ڕێز لە پیرۆزگاکەم بگرن، من یەزدانم. «”ئەگەر فەرزەکانم بەجێبهێنن و فەرمانەکانم بەجێبگەیەنن و کاری پێ بکەن، ئەوا لە کاتی خۆی بارانتان دەدەمێ و زەویش بەری خۆی دەدات و درەختەکانی کێڵگەش بەروبووم دەدات. گێرەکردنتان بەردەوام دەبێت هەتا چنینەوەی ترێ و چنینەوەی ترێ بەردەوام دەبێت هەتا چاندن، جا هەر خواردنێکتان حەز لێبوو، دەیخۆن و بە ئاسوودەیی لە خاکەکەتان نیشتەجێ دەبن. «”ئاشتیش لە خاکەکەدا دەنێمەوە، جا دەخەون و کەس ناتانترسێنێت، گیانلەبەرە دڕندەکانیش لە خاکەکەدا لادەبەم و شمشێر بە خاکەکەتاندا تێناپەرێت. دوژمنەکانتان ڕاودەنێن و لەبەردەمتان بە شمشێر دەکوژرێن. پێنج لە ئێوە سەد ڕاودەنێن و سەد لە ئێوە ڕاوی دە هەزار دەنێن و دوژمنەکانتان لەبەردەمتان بە شمشێر دەکوژرێن. «”ئاوڕتان لێ دەدەمەوە و بە بەروبوومتان دەکەم و زیادتان دەکەم و پەیمانم لەگەڵتان دەبەمەسەر، جا لە بەروبوومی دروێنەی ساڵی پێشوو دەخۆن و بۆ ئەمبارکردنی بەروبوومی نوێ، کۆنەکە دەردەهێنن. نشینگەکەم لەنێوتان دادەنێم و قێزتان لێ ناکەمەوە، لەنێوتان هاتوچۆ دەکەم و دەبم بە خودای ئێوە و ئێوەش دەبن بە گەلی من. من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسر دەریهێنان، لەوەی کە کۆیلەی ئەوان بوون و کۆتی نیری ئێوەی شکاند و بە سەربەرزییەوە بەڕێی کردن. «”بەڵام ئەگەر گوێم لێ نەگرن و هەموو ئەم فەرمانانە جێبەجێ نەکەن، ئەگەر فەرزەکانم ڕەت بکەنەوە و قێزتان لە یاساکانم ببێتەوە و فەرمانەکانم بەجێنەهێنن، بەڵکو پەیمانەکەم بشکێنن، ئەوا من ئەمەتان پێ دەکەم، ترس و تۆقین و نەخۆشی سیل و تایەکتان دەهێنمە سەر کە چاوتان کوێر بکات و گیانتان بشێوێنێت، بێهوودە کشتوکاڵەکەتان دەچێنن، چونکە دوژمنەکانتان دەیخۆن. من ڕووتان لێ وەردەگێڕم، جا دوژمنەکانتان دەتانشکێنن و ناحەزەکانتان بەسەرتاندا زاڵ دەبن و کەسیش بەدواتانەوە نەبێت هەر هەڵدێن. «”ئەگەر لەگەڵ ئەوەش هەر گوێم لێ نەگرن، ئەوا حەوت قات بۆ گوناهەکانتان سزاتان دەدەم. جا لەخۆبایی کەللەڕەقیتان دەشکێنم و ئاسمانتان وەک ئاسن لێ دەکەم و زەویتان وەک بڕۆنز، بێهوودە ماندوو دەبن و زەویتان بەری خۆی نادات و درەختی زەوی بەروبوومی نادات.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان