لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

شینەکانی یەرمیا 12:2-22

شینەکانی یەرمیا 12:2-22 KSS

بە دایکیان دەڵێن: «کوا نان و ئاو؟» کاتێک وەک بریندار لەناو گۆڕەپانەکانی شاردا دەبوورێنەوە، کاتێک ڕۆحیان دەردەچێت لەناو باوەشی دایکیان. چیت پێ بڵێم؟ ئەی ئۆرشەلیمی کچ، بە چیت بچووێنم؟ بە چی بەراوردت بکەم، بۆ ئەوەی دڵت بدەمەوە، ئەی سییۆنی کچە پاکیزە؟ وێران بوونت وەک دەریا قووڵە. کێ دەتوانێت چاکت بکاتەوە؟ بینینی خودایی بۆ پێغەمبەرەکانت درۆ و فریودەر بوو، تاوانی تۆیان دەرنەخست بۆ ئەوەی لە ڕاپێچکردن بتپارێزن. بەڵکو سروشی درۆ و هەڵخەڵەتێنەریان بە تۆ گەیاند. هەموو ئەوەی بەوێدا تێدەپەڕێت بە گاڵتەپێکردنەوە چەپڵەت بۆ لێدەدات، فیکە لێ دەدەن و سەر بادەدەن لەبەر ئۆرشەلیمی کچ، دەڵێن: «ئەمە شارەکەیە کە پێی دەگوترا تەواوی جوانی و مایەی دڵخۆشی هەموو زەوییە؟» هەموو دوژمنەکانت دەمیان لێت دەکرێتەوە، فیشکەیان دێت و ددانیان لێت جیڕدەکەنەوە، دەڵێن: «هەڵمانلووشی. بێگومان ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە چاوەڕوانی بووین، پێی گەیشتین و بینیمان.» یەزدان ئەوەی مەبەستی بوو کردی، قسەی خۆی بەجێگەیاند، ئەوەی لە ڕۆژانی کۆنەوە بەڵێنی پێیدا. بەبێ بەزەیی تۆی ڕووخاند، دوژمنی پێت خۆشکرد، هێزی ناحەزانی تۆی پتەو کرد. دڵی خەڵکەکە بۆ پەروەردگار هاوار دەکات. ئەی شووراکانی سییۆنی کچ، با فرمێسکەکانت وەک ڕووبار بڕژێت بە شەو و بە ڕۆژ. خۆت مەبووژێنەوە، چاوەکانت پشوو نەدات. هەستە، بە شەو هاوار بکە، لەگەڵ دەستپێکردنی ئێشکگرتن. وەک ئاو دڵت هەڵبڕێژە لەبەردەم پەروەردگار. دەستت بۆی بەرز بکەوە لە پێناوی ژیانی منداڵەکانت، ئەوانەی لە برسان بووراونەتەوە لەسەر سووچی هەموو شەقامەکان. «ئەی یەزدان، ببینە و تێڕابمێنە، ئەمەت بە کێ کردووە؟ ئایا ژن بەری سکی خۆی دەخوات، منداڵی باوەشی؟ ئایا کاهین و پێغەمبەر لە پیرۆزگای پەروەردگار دەکوژرێت؟ «گەنج و پیر پێکەوە پاڵکەوتن لەسەر زەوی شەقامەکان، پاکیزە و لاوەکانم بە شمشێر کوژراون. لە ڕۆژی تووڕەییتدا ئەوانت کوشت، ئەوانت بەبێ بەزەیی سەربڕی. «هەروەک بۆ ڕۆژی جەژن بانگهێشتت کردبن، ئاوا لە دژی من لە هەموو لایەکەوە بانگی تۆقینت کرد. لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان کەس ڕاینەکرد و کەس دەرباز نەبوو، ئەوانەی لە باوەشم کردن و بەخێوم کردن، دوژمن لەناوی بردن.»

وەڵامەکان بۆ فەرمی نووسینەوەی سۆرانی کوردی؟؟؟ ویدیو بۆ شینەکانی یەرمیا 2:12-22 شێوەکاری؟؟؟