لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەشوع 18:8-29

یەشوع 18:8-29 KSS

ئینجا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «ڕمەکەی دەستت ڕووەو عای بگرە، چونکە من دەیدەمە دەستتەوە.» یەشوعیش ئەو ڕمەی بە دەستیەوە بوو ڕووەو شارەکەی کرد. کاتێک دەستی درێژکرد ئەوانەی لە بۆسەکە بوون بە پەلە لە جێی خۆیان هەستان و ڕایانکرد و چوونە ناو شارەکەوە و گرتیان و بە پەلە سووتاندیان. پیاوەکانی عای ئاوڕیان دایەوە و تەماشایان کرد وا دووکەڵی شارەکە بۆ ئاسمان بەرز بووەتەوە و هیچ جێیەکیش نییە بۆی هەڵبێن، نە بەملا و نە بەولا، ئیسرائیلییەکانیش کە بۆ چۆڵەوانی ڕایاندەکرد بەسەر ڕاونەرەکاندا هەڵگەڕانەوە. جا کە یەشوع و هەموو ئیسرائیل بینییان بۆسەکە شارەکەی گرتووە و دووکەڵی شارەکە بەرز بووەتەوە، گەڕانەوە و لە پیاوەکانی عاییان دا. جەنگاوەران لەناو بۆسەکەش لە شارەکەوە بۆ پەلاماردانیان هاتنە دەرەوە و پیاوەکانی عای کەوتنە نێوان ئیسرائیلییەکان. ئەمان لەم لاوە و ئەوان لەولاوە، ئینجا لێیان دان تاکو کەسیان لێ نەما هەڵبێت و دەرباز بێت. بەڵام پاشای عاییان بە زیندوویی دەستگیر کرد و بردیانە بەردەم یەشوع. پاش ئەوەی ئیسرائیل لە کوشتنی هەموو پیاوەکانی عای بوونەوە کە لە کێڵگە و چۆڵەوانیدا دوایان کەوتبوون هەتا قڕیان بکەن، هەموو ئیسرائیلییەکان گەڕانەوە ناو شار و هەموو ئەو دانیشتووانانەیان بە شمشێر کوشت کە لەوێ مابوونەوە. سەرجەم دانیشتووانی عای، هەموو ئەوانەی لەو ڕۆژەدا کەوتن لە پیاو و لە ژن، دوازدە هەزار کەس بوون. یەشوعیش ئەو دەستەی کە ڕمەکەی پێ درێژکردبوو نەیگەڕاندەوە دواوە هەتا سەرجەم دانیشتووانی عای قڕ بوون. بەڵام نەوەی ئیسرائیل ئاژەڵی ماڵی و دەستکەوتی ئەو شارەیان بۆ خۆیان تاڵان کرد، بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان کە فەرمانی بە یەشوع کردبوو. ئینجا یەشوع عایی سووتاند و کردییە گردێکی وێرانی هەتاهەتایی، هەتا ئەمڕۆش هەروا ماوەتەوە. هەروەها لاشەی پاشای عایی هەتا ئێوارە لەسەر دار هەڵواسی، لە کاتی ئاوابوونی خۆر یەشوع فەرمانی دا و لاشەکەیان هێنا خوارەوە و لەبەردەم دەروازەی شارەکە فڕێیان دا و کۆمەڵە بەردێکی گەورەیان لەسەر کەڵەکە کرد کە هەتا ئەمڕۆ ماوەتەوە.