لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەشوع 16:7-26

یەشوع 16:7-26 KSS

بۆ بەیانی یەشوع زوو لە خەو هەستا و هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیلی یەک یەک هێنایە پێش و هۆزی یەهودا هەڵبژێردرا. خێڵەکانی یەهودای هێنایە پێش و خێڵی زەرەحییەکان هەڵبژێردرا. ئینجا خێڵی زەرەحییەکانی هێنایە پێش بە خێزانەکانیانەوە و زیمری هەڵبژێردرا. بەرەبابەکەی ئەویشی بە پیاوەکانییەوە هێنایە پێش و عاخانی کوڕی کەرمی کوڕی زیمری کوڕی زەرەح هەڵبژێردرا کە سەر بە هۆزی یەهودایە. ئینجا یەشوع بە عاخانی گوت: «تکایە کوڕی خۆم، یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل شکۆدار بکە و دانی پێدا بنێ. پێم بڵێ، چیت کردووە؟ لێمی مەشارەوە.» عاخانیش وەڵامی یەشوعی دایەوە و گوتی: «بەڕاستی من بەرامبەر بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل گوناهم کردووە و ئاوام کردووە، لەنێو تاڵانکردنەکەدا کەوایەکی بابلی گرانبەها و دوو سەد شاقل زیو و قاڵبە زێڕێکم بینی کە کێشەکەی پەنجا شاقل دەبوو، ئارەزووم کرد و بردم. ئەوەتا لەژێر زەوی لە ناوەڕاستی چادرەکەمدا شاردومەتەوە و زیوەکەش لە ژێرەوەیە.» جا یەشوع چەند کەسێکی نارد و ڕایانکرد بۆ چادرەکە و بینییان ئەوەتا لەناو چادرەکەدا شاردراونەتەوە و زیوەکەش لە ژێریانەوەیە. ئەوانیش شتەکانیان لە ناوەڕاست چادرەکە هەڵگرت و بۆ یەشوع و هەموو نەوەی ئیسرائیلیان هێنا و لەبەردەم یەزدان دایاننا. ئینجا یەشوع عاخانی کوڕی زەرەحی لەگەڵ زیوەکە و کەواکە و قاڵبە زێڕەکە و کوڕەکانی و کچەکانی و گا و گوێدرێژ و مەڕەکانی و چادرەکەی و هەموو ئەو شتانەی هی ئەو بوون، هەموو نەوەی ئیسرائیلیشی لەگەڵ بوو، بردیانن و سەریان خستن بۆ دۆڵی عاخۆر. ئینجا یەشوع گوتی: «چۆن لێت تێکداین، یەزدانیش ئەمڕۆ ئاوا لێت تێکبدات.» ئینجا هەموو نەوەی ئیسرائیل ئەویان بەردباران کرد و ئەوانەی دیکەیان بەردباران کرد و سووتاندیانن، کۆمەڵە بەردێکی گەورەیان لەسەر عاخان کەڵەکە کرد کە هەتا ئەمڕۆش لەوێیە. ئینجا جۆشی تووڕەییەکەی یەزدان دامرکایەوە، بۆیە ئەو شوێنەش هەتا ئەمڕۆ بە دۆڵی عاخۆر ناودەبردرێت.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان