لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەشوع 15:6-23

یەشوع 15:6-23 KSS

ئەوە بوو لە ڕۆژی حەوتەم بەرەبەیان زوو لە خەو هەستان و حەوت جار بەو شێوەیە بە چواردەوری شارەکەدا سووڕانەوە. تەنها لەو ڕۆژەدا حەوت جار بە چواردەوری شارەکەدا سووڕانەوە، ئەوە بوو لە جاری حەوتەم کاتێک کاهینەکان کەڕەناکانیان لێدا، یەشوع بە گەلی گوت: «هاوار بکەن! چونکە یەزدان شارەکەی داوەتە دەست ئێوە! دەبێت شارەکە و هەرچی تێیدایە بۆ یەزدان تەرخان بکرێت تاکو قڕ بکرێت، تەنها ڕاحابی لەشفرۆش و هەموو ئەوانەی لە ماڵەکە لەگەڵین دەیانهێڵنەوە، چونکە ئەو دوو نێردراوەی شاردەوە، کە ناردمانن. بەڵام ئێوە خۆتان بە دوور بگرن لە شتە تەرخانکراوەکان نەوەک قڕ بکرێن و ئۆردوگای ئیسرائیل تووشی قڕبوون و تێکدان بکەن. هەموو ئەو زێڕ و زیو و قاپە بڕۆنز و ئاسنانە بۆ یەزدان تەرخانکراون و دەچنە ناو گەنجینەی یەزدانەوە.» کاتێک گەل هاواری کرد و کەڕەنایان لێدا، گەل گوێیان لە دەنگی کەڕەنا بوو، هاوارێکی بەرزیان کرد و شووراکە داڕما و گەل چوونە ناو شارەکەوە، هەریەکە و لەلای خۆیەوە و بەسەریاندا دا و شارەکەیان گرت. شارەکەیان بۆ یەزدان تەرخان کرد و هەرچی تێیدابوو لە پیاو و ژن و منداڵ و پیر، هەتا گا و مەڕ و گوێدرێژەکانیشیان بە زەبری شمشێر قڕ کرد. یەشوعیش بەو دوو پیاوەی گوت کە سیخوڕی خاکەکەیان کردبوو: «بچنە ناو ماڵی ژنە لەشفرۆشەکەوە، هەروەک سوێندتان بۆی خوارد، خۆی و هەموو ئەوەی هی ئەوە بیانهێننە دەرەوە.» جا دوو گەنجە سیخوڕەکە چوونە ژوورەوە و ڕاحاب و دایک و باوک و براکانی و هەرچی هەیبوو و هەموو کەسوکارەکەیان هێنایە دەرەوە و لە دەرەوەی ئۆردوگای ئیسرائیل دایاننان.