ئینجا نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نیوەی هۆزی مەنەشە وەڵامیان دایەوە و بە سەرۆک خێڵەکانی ئیسرائیلیان گوت: «خودای توانادار، یەزدانە! خودای توانادار، یەزدانە! ئەو دەزانێت و با ئیسرائیلیش بزانێت، ئەگەر ئەمە بە یاخیبوون و بە ناپاکی دەرهەق بە یەزدان کرابێت، ئەوا ئەمڕۆ ڕزگارمان مەکەن! ئەگەر ئێمە ئەو قوربانگایەی خۆمانمان بە مەبەستی هەڵگەڕانەوە لە یەزدان و سەرخستنی قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە بنیاد ناوە، یاخود بۆ ئەنجامدانی قوربانی هاوبەشی لەسەری، ئەوا با یەزدان خۆی سزامان بدات. «نەخێر! بەڵکو ئەم کارەمان بەهۆی ئەم ترسەوە کردووە کە گوتمان، لەوانەیە سبەینێ نەوەکانتان بە نەوەکانمان بڵێن: ”ئێوە چ پەیوەندییەکتان بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیلەوە هەیە؟ ئەی نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد، یەزدان ڕووباری ئوردونی کردووەتە سنووری نێوان ئێمە و ئێوە! ئێوە هیچ بەشێکتان لە یەزداندا نییە.“ جا لەوانەیە نەوەکانتان ڕێگا نەدەن نەوەکانمان یەزدان بپەرستن. «لەبەر ئەوە گوتمان: ”با ئێمە بۆ خۆمان قوربانگایەک بنیاد بنێین، بەڵام بۆ قوربانی سووتاندن و قوربانی سەربڕاو نا.“ بەڵکو لەپاش خۆمان ئەوە ببێتە شایەت لەنێوان ئێمە و ئێوە و نەوەکانمان، بۆ ئەوەی یەزدان لە پیرۆزگاکەی خۆی بپەرستین بە قوربانی سووتاندنەکانمان و سەربڕدراوەکانمان و قوربانییەکانی هاوبەشیمان و لە داهاتوودا نەوەکانتان بە نەوەکانمان نەڵێن: ”ئێوە بەشتان لە یەزداندا نییە.“ «هەروەها گوتمان: ”کە لە داهاتوودا ئەمە بە خۆمان و نەوەکانمان دەڵێن، ئێمەش دەڵێین، بڕوانن هاوشێوەی قوربانگای یەزدان کە باوباپیرانمان کردوویانە، بەڵام بۆ قوربانی سووتاندن و سەربڕدراوەکان نییە، بەڵکو وەک شایەتە لەنێوان ئێمە و ئێوە.“ «ئەوە لە ئێمە بەدوور بێت، کە لە یەزدان یاخی بین و ئەمڕۆ لە یەزدان هەڵگەڕێینەوە بە بنیادنانی قوربانگایەک بۆ قوربانی سووتاندن یان پێشکەشکراوی دانەوێڵە یان سەربڕاو، بێجگە لە قوربانگای یەزدانی پەروەردگارمان ئەوەی لەبەردەم چادرەکەی پەرستنیەتی.» جا کاتێک فینەحاسی کاهین و ڕابەرەکانی کۆمەڵ، سەرۆک خێڵەکانی ئیسرائیل، ئەوانەی لەگەڵیدا بوون، گوێیان لە قسەکانی نەوەی ڕەئوبێن و گاد و مەنەشە بوو، قسەکانیان قبوڵ کردن. ئینجا فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کاهین بە نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نەوەی مەنەشەی گوت: «ئەمڕۆ زانیمان کە یەزدان لەگەڵماندایە، چونکە ئەم ناپاکییەتان دەرهەق بە یەزدان نەکردووە، ئێستا ئێوە نەوەی ئیسرائیلتان لە دەست یەزدان دەرباز کردووە.» ئینجا فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کاهین و سەرۆکەکان لەلای نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گادەوە لە خاکی گلعادەوە بۆ لای نەوەی ئیسرائیل لە خاکی کەنعاندا گەڕانەوە و هەواڵیان پێدان. جا نەوەی ئیسرائیلیش دڵخۆش بوون بەم هەواڵە و ستایشی خودایان کرد و بیریان لەوە نەکردەوە کە سەربکەون بۆیان بۆ جەنگ و بۆ وێرانکردنی ئەو خاکەی کە نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد تێیدا نیشتەجێن. ئینجا نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد ناویان لە قوربانگاکە نا: «شایەتە لەنێوانمان کە یەزدان خودایە.»
یەشوع 22 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەشوع 22
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەشوع 21:22-34
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان