لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەشوع 1:18-10

یەشوع 1:18-10 KSS

ئینجا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە شیلۆ کۆبوونەوە و لەوێدا چادری چاوپێکەوتنیان هەڵدا، خاکەکەش خرایە ژێر ڕکێفیانەوە. بەڵام حەوت هۆز لە نەوەی ئیسرائیل مابوونەوە کە هێشتا میراتەکەی خۆیان وەرنەگرتبوو. جا یەشوع بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «هەتا کەی خاو دەبن لە چوونە ژوورەوە بۆ دەست بەسەرداگرتنی ئەو خاکەی کە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان پێیداون؟ لە هەر هۆزێک سێ کەس بۆ خۆتان هەڵبژێرن، بۆ ئەوەی بیاننێرم و بچن و بە خاکەکەدا بگەڕێن، بەگوێرەی میراتەکەیان ڕووپێو بکەن، پاشان بگەڕێنەوە بۆ لام. بۆ حەوت بەش دابەشی بکەن. جا یەهودا لەسەر سنوورەکەی خۆی لە باشوور دەمێنێتەوە و بنەماڵەی یوسفیش لەسەر سنوورەکەیان لە باکوور دەمێننەوە. ئێوەش خاکەکە بۆ حەوت بەش ڕووپێو بکەن و پاشان بیهێننەوە ئێرە، لێرە لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارمان تیروپشکتان بۆ دەکەم. بەڵام لێڤییەکان لەنێو ئێوەدا بەشیان نییە، چونکە کاهینیێتی یەزدان میراتی ئەوانە. گاد و ڕەئوبێن و نیوەی هۆزی مەنەشەش میراتی خۆیان لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون وەرگرت، ئەوەی کە موسای بەندەی یەزدان پێیدان.» کاتێک پیاوەکان بۆ ڕووپێوی خاکەکە بەڕێکەوتن، یەشوع فەرمانی پێکردن و گوتی: «بڕۆن و بە خاکەکەدا بگەڕێن و وردەکارییەکانی بنووسن. پاشان وەرنەوە بۆ لام و منیش لێرە لەبەردەم یەزدان لە شیلۆ تیروپشکتان بۆ دەکەم.» ئینجا پیاوەکان ڕۆیشتن و بەناو خاکەکەدا گەڕان، بەگوێرەی شارۆچکەکان کردیان بە حەوت بەش، وردەکارییەکەیان تۆمار کرد، پاشان هاتنەوە بۆ لای یەشوع بۆ ئۆردوگاکە لە شیلۆ. یەشوعیش لە شیلۆ لەبەردەم یەزدان تیروپشکی بۆ کردن، لەوێ خاکەکەی بۆ نەوەی ئیسرائیل بەگوێرەی بەشەکانیان دابەش کرد.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان