لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەشوع 1:10-14

یەشوع 1:10-14 KSS

کاتێک ئەدۆنی سەدەقی پاشای ئۆرشەلیم بیستییەوە کە یەشوع شاری عایی گرتووە و بە تەواوی قڕی کردووە، ئەوەی بە ئەریحا و پاشاکەی کرد، هەمان شتی بە عای و پاشاکەی کردووە، هەروەها دانیشتووانی گبعۆن پەیمانی ئاشتییان لەگەڵ ئیسرائیلدا بەستووە و لە نزیکیان دەژین، زۆر ترسا، چونکە گبعۆن شارێکی گەورە بوو، وەک یەکێک لە شارە پاشانشینەکان و لە عای گەورەتر بوو، هەموو پیاوەکانیشی پاڵەوان بوون. ئینجا ئەدۆنی سەدەقی پاشای ئۆرشەلیم بەدوای هۆهامی پاشای حەبرۆن و پیرامی پاشای یەرموت و یافیعی پاشای لاخیش و دەڤیری پاشای عەگلۆنیدا نارد و گوتی: «سەربکەون بۆ لام و یارمەتیم بدەن، لە گبعۆن دەدەین، چونکە پەیمانی ئاشتی لەگەڵ یەشوع و نەوەی ئیسرائیلدا بەستووە.» ئینجا هەر پێنج پاشای ئەمۆرییەکان کۆبوونەوە، پاشای ئۆرشەلیم و حەبرۆن و یەرموت و لاخیش و عەگلۆن، خۆیان و هەموو سوپاکانیان سەرکەوتن و چادریان هەڵدا لە دژی گبعۆن و جەنگیان لە دژی بەرپا کرد. جا دانیشتووانی گبعۆن بەدوای یەشوعدا ناردیان بۆ ئۆردوگاکە لە گلگال، پێیان گوت: «دەست لە خزمەتکارەکانت بەرمەدە. بە پەلە سەربکەوە بۆ لامان، ڕزگارمان بکە و یارمەتیمان بدە، چونکە هەموو پاشاکانی ئەمۆرییەکان ئەوانەی لە ناوچەی شاخاویدا نیشتەجێن لە دژمان گەلەکۆمەیان لێکردووین.» بۆیە یەشوع لە گلگالەوە لەگەڵ هەموو سوپاکە و جەنگاوەرە قارەمانەکان سەرکەوتن. یەزدانیش بە یەشوعی فەرموو: «لێیان مەترسە، چونکە ئەوانەم داوەتە دەست تۆ، کەسیان ناتوانێت لەبەردەمت ڕابوەستێت.» یەشوع بە درێژایی ئەو شەوە لە گلگالەوە سەرکەوت و لەناکاو بۆیان هات. یەزدانیش لەبەردەم ئیسرائیلدا سەری لێ شێواندن، لە گبعۆن بە تەواوی شکستی دان و بە ڕێگای هەورازی بێت‌حۆرۆندا ڕاوی نان، هەتا عەزێقا و مەقێدا لێیدان. هەروەها کاتێک لەبەردەم ئیسرائیلدا هەڵدەهاتن و لە نشێوەکەی بێت‌حۆرۆن بوون، یەزدان لە ئاسمانەوە بە تەرزەی گەورە لێیدان هەتا گەیشتنە عەزێقا و مردن. ئەوانەی کە بە تەرزە مردن زیاتر بوون لەوانەی کە نەوەی ئیسرائیل بە شمشێر کوشتیانن. لەو ڕۆژەدا کە یەزدان ئەمۆرییەکانی دایە دەست نەوەی ئیسرائیل، یەشوع لەگەڵ یەزداندا دوا، لەبەرچاوی ئیسرائیلدا گوتی: «ئەی خۆر بەسەر گبعۆنەوە ڕابوەستە و ئەی مانگ بەسەر دۆڵی ئەیالۆنەوە. جا خۆر ڕاوەستا و مانگیش وەستا هەتا گەل تۆڵەیان لە دوژمنەکانیان سەندەوە.» ئایا ئەمە لە پەڕتووکی یاشاردا نەنووسراوە؟ جا خۆر لەناو جەرگەی ئاسماندا ڕاوەستا و بۆ ماوەی یەک ڕۆژی تەواو لە ئاوابوون پەلەی نەکرد. وەک ئەو ڕۆژە قەت نەبووە، نە لەپێشی و نە لەپاشی کە یەزدان ئاوا گوێ لە دەنگی کەسێک بگرێت، چونکە یەزدان بۆ پاڵپشتی ئیسرائیل دەجەنگا!