لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆئێل 12:2-32

یۆئێل 12:2-32 KSS

یەزدان دەفەرموێت: «بەڵام ئێستا، بە هەموو دڵتانەوە بگەڕێنەوە لام، بە ڕۆژووگرتن و گریان و شیوەن گێڕانەوە.» دڵتان دابدڕن نەک جلەکانتان، بگەڕێنەوە لای یەزدانی پەروەردگارتان، چونکە میهرەبان و بە بەزەییە، پشوودرێژە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی زۆرە، لە خراپە پاشگەز دەبێتەوە. کێ دەزانێت؟ ڕەنگە بگەڕێتەوە و پاشگەز بێتەوە، لەپاش خۆیەوە بەرەکەت بەجێبهێڵێت، بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب بۆ یەزدانی پەروەردگارتان. لە سییۆن فوو بە کەڕەنادا بکەن، ڕۆژووگرتنێک ڕابگەیەنن، بۆ کۆبوونەوەیەکی پیرۆز بانگیان بکەن. گەل کۆبکەنەوە و کۆمەڵ تەرخان بکەن، پیران خڕبکەنەوە و منداڵان کۆبکەنەوە لەگەڵ شیرەخۆرەکان. با زاوا لە ژوورەکەیەوە بێتە دەرەوە، بووکیش لە کوللەکەی. با کاهینەکان، خزمەتکارانی یەزدان، لەنێوان هەیوانەکە و قوربانگاکەدا بگریێن. با بڵێن: «ئەی یەزدان، دڵت بە گەلەکەت بسووتێت، میراتەکەت مەکە جێگای تانە و تەشەر، هەتا گەلان بیانکەنە پەند. بۆچی لەنێو گەلاندا بڵێن: ”کوا خوداکەیان؟“» ئینجا یەزدان خۆشەویستی بۆ خاکەکەی دەردەبڕێت و بەزەیی بە گەلەکەیدا دێتەوە. یەزدان وەڵام دەداتەوە و بە گەلەکەی دەفەرموێت: «دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتتان بۆ دەنێرم، هەتا ئەوەی لێی تێردەبن، ئیتر ناتانکەمە جێگای تانە و تەشەری نەتەوەکان. «ئەو سوپایەش کە لە باکوورەوە هاتووە لێتان دوور دەخەمەوە، دەریدەکەم بۆ زەوییەکی وشک و وێران، ڕووی لە دەریای ڕۆژهەڵاتە و پشتیشی لە دەریای ڕۆژئاوایە، بۆگەنییەکەی سەرکەوت و بۆنە پیسەکەی بڵاو دەبێتەوە.» بێگومان کاری مەزنی ئەنجام داوە. ئەی زەوی مەترسە! شاد و دڵخۆش بە، چونکە یەزدان کاری مەزنی ئەنجام داوە. ئەی ئاژەڵە کێوییەکان مەترسن، چونکە لەوەڕگاکانی دەشتودەر سەوز دەبن، درەختەکان بەر دەگرن، دار هەنجیر و دار مێو بەرێکی زۆر دەردەخەن. ئەی نەوەی سییۆن، شاد و دڵخۆش بن بە یەزدانی پەروەردگارتان، چونکە بۆ دەرکەوتنی ڕاستودروستی پاییزە بارانی پێدان. پاییزە باران و بەهارە باران هەروەک پێشتر بەسەرتاندا دەبارێنێت. ئیتر جۆخینەکان پڕ دەبن لە دانەوێڵە و قەڕابەکان سەرڕێژ دەبن لە شەراب و زەیت. «قەرەبووی ئەو ساڵانەتان دەکەمەوە کە کوللەی گەورە خواردیان، پێکوڕە و وردە کوللە و کوللەی قرتێنەر، لەشکرە گەورەکەم کە ناردمە سەرتان. ئینجا زۆر دەخۆن و تێر دەبن، ستایشی ناوی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان دەکەن، ئەوەی کاری سەرسوڕهێنەری لەگەڵدا کردن، بۆ هەتاهەتایە گەلەکەم سەرشۆڕ نابێت. ئیتر دەزانن کە من لە ناوەڕاستی ئیسرائیلم، کە من یەزدانی پەروەردگارتانم و بێجگە لە من یەکێکی دیکە نییە. بۆ هەتاهەتایە گەلەکەم سەرشۆڕ نابێت. «پاش ئەمانە، ڕۆحم بەسەر هەموو خەڵکدا دەڕێژم. کوڕان و کچانتان پەیامی خودا ڕادەگەیەنن، پیرەمێردەکانتان خەون دەبینن، گەنجانتان بینینیان بۆ ئاشکرا دەکرێت. تەنانەت بەسەر بەندە و کەنیزەکانیشم، لەو ڕۆژانەدا ڕۆحی خۆم دەبارێنم. پەرجوو لە ئاسمان و زەویدا نیشان دەدەم، خوێن و ئاگر و ستوونی دووکەڵ. خۆر دەبێتە تاریکی و مانگیش دەبێتە خوێن، بەر لەوەی ڕۆژی گەورە و ترسناکی یەزدان بێت. بەڵام هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە ڕزگاری دەبێت، چونکە هەروەک یەزدان فەرمووی، ڕزگاربوون لە کێوی سییۆن و لە ئۆرشەلیم دەبێت، بۆ ئەوانەیە کە ماونەتەوە، ئەوانەی یەزدان بانگهێشتی کردوون.