لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئەیوب 13:39-30

ئەیوب 13:39-30 KSS

«بە خۆشییەوە وشترمرغ باڵەفڕکێ دەکات، ئایا پەڕوباڵەکەی وەک لەقلەق پیرۆزە؟ وشترمرغ هێلکەکەی لەسەر زەوی بەجێدەهێڵێت و خۆڵ گەرمیان دادەهێنێت، لەبیری دەچێت کە پێ وردوخاشی دەکات و ئاژەڵی کێوی پێی پێدا دەنێن. لەگەڵ بەچکەکانی دڵڕەقە وەک ئەوەی بەچکەی ئەو نەبن؛ گوێی ناداتێ کە ماندووبوونەکەی بێهوودە دەڕوات، چونکە خودا دانایی لەبیر بردووەتەوە، لە تێگەیشتن بەشی نەداوە. کاتێک پەڕەکانی فش دەکاتەوە بۆ ڕاکردن، بە ئەسپ و بە سوارەکەی پێدەکەنێت. «ئایا تۆ هێز بە ئەسپ دەدەیت یان ملی بە یاڵ دادەپۆشیت؟ ئایا وای لێ دەکەیت کە وەک کوللە قەڵەمباز بدات و دەنگی حیلەکەی تۆقێنەر بێت؟ بە توندی سم بە زەویدا بکوتێت، بە هێزەوە دەربپەڕێت، بەرەو مەیدانی جەنگ مل بنێت. بە ترس پێبکەنێت و نەتۆقێت؛ لە ڕووی شمشێر نەگەڕێتەوە. تیردان شەقەشەقی بێت و خەنجەر و نووکی ڕم ببریسکێنەوە. بەوپەڕی جۆشوخرۆشەوە غار دەدات، هەتا کاتی لێدانی کەڕەنا خۆی پێ ڕاناگیرێت. لە کاتی فووکردن بە کەڕەنادا دەڵێت: ”ئەها!“ لە دوورەوە بۆنی شەڕ دەکات، هاواری سەرکردەکان و نەعرەتەی جەنگ. «ئایا لە تێگەیشتنی تۆدایە هەڵۆ بفڕێت و ڕووەو باشوور باڵەکانی بکاتەوە؟ یان بە فەرمانی تۆیە هەڵۆ بەرز بفڕێت و هێلانەکەی لە بەرزی دابنێت؟ لەسەر لووتکەی چیا نیشتەجێ دەبێت و بە شەو دەمێنێتەوە، هەڵدێری بەردەڵان قەڵاکەیەتی. لەوێوە نێچیری خۆی دەدۆزێتەوە و چاوەکانی لە دوورەوە دەبینن. بەچکەکانی خوێن هەڵدەمژن، لە هەرکوێ کوژراوی لێ بێت، ئەو لەوێیە.»

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان