لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئەیوب 16:38-33

ئەیوب 16:38-33 KSS

«ئایا گەیشتیتە سەرچاوەکانی دەریا و بەناو کون و کەلەبەرەکانی قووڵاییدا هاتوچۆت کرد؟ ئایا دەروازەکانی مردنت بۆ ئاشکرا بوون یان دەروازەکانی سێبەری مەرگت بینی؟ ئایا پانوبەرینی زەوی دەزانیت؟ ئەگەر هەموو ئەم شتانە دەزانیت، پێم بڵێ. «کام ڕێگایە دەچێتە نشینگەی ڕووناکی؟ ئەی شوێنی نیشتەجێبوونی تاریکی لەکوێیە؟ ئایا دەتوانیت هەریەکەیان بۆ سنووری خۆی ببەیت و ڕێگای ماڵەکانیان شارەزابیت؟ لەبەر ئەوەی تۆ لەپێش ئەمانەوە لەدایک ببوویت! بە دڵنیاییەوە تۆ زۆر تەمەن درێژیت! «ئایا چووی بۆ ناو ئەمبارەکانی بەفر یان کۆگاکانی تەرزەت بینیوە، ئەوەی هەڵمگرتووە بۆ کاتی تەنگانە، بۆ ڕۆژانی نەهامەتی و جەنگ؟ لە چ ڕێگایەکەوە بروسکە دابەش دەبێت و بای ڕۆژهەڵات لەسەر زەوی بڵاو دەبێتەوە؟ کێ لێکی جیا کردەوە جۆگەکان بۆ بارانی بە لێشاو و ڕێچکە بۆ باوبۆران؟ بۆ ئاودانی خاکێک کە مرۆڤی تێدا نییە، بەسەر چۆڵەوانییەک کە ئادەمیزادی تێدا نییە، بۆ ئەوەی خاکی کاول و وێران تێر بکات، وا بکات گیای لێ بڕووێت. ئایا باران باوکی هەیە؟ ئەی کێ دڵۆپەکانی شەونم دەخاتەوە؟ بەستەڵەک لە سکی کێ دێتە دەرەوە؟ شەختەی ئاسمان بۆ کێ لەدایک دەبێت، کاتێک ئاوەکان وەک بەردیان لێ دێت و ڕووی قووڵاییەکان دەیبەستێت؟ «ئایا تۆ دەتوانیت گرێیەکانی حەوتەوانە ببەستیت یان گرێ بەستراوەکانی ڕاوچی بکەیتەوە؟ ئایا تۆ دەتوانیت کەلووەکان لە کاتی خۆی دەربخەیت، یان ڕێنمایی کەلووی ورچ بکەیت لەگەڵ بەچکەکانی؟ ئایا یاساکانی ئاسمان دەزانیت، یاخود تۆ بڕیاری دەسەڵاتی ئەو بەسەر زەویدا دەچەسپێنیت؟