ئەیوب سەرلەنوێ دەستی بە قسە کردەوە و گوتی: «خۆزگەم بە مانگەکانی ڕابردوو، بەو ڕۆژانەی کە خودا منی پاراست، کاتێک چراکەی خۆی لە سەرم هەڵکرد و بە ڕووناکی ئەو بەناو تاریکیدا دەڕۆیشتم! خۆزگە بەو ڕۆژانەی کە لە هەڕەتی هێز و توانادا بووم، هاوڕێیەتییە گیانی بەگیانییەکەم لەگەڵ خودا چادرەکەی منی بەرەکەتدار کردبوو، خودای هەرە بەتوانا هێشتا لەگەڵم بوو و منداڵەکانیشم لە چواردەورم بوون، کاتێک پێیەکانم بە شیر دەشوشت، تاشەبەردیش جۆگەکانی زەیتی بۆ هەڵدەقوڵاندم. «کاتێک بۆ لای دەروازەی شارەکە دەچووم و لە گۆڕەپانەکەدا دیوەخانی خۆم ئامادە دەکرد، گەنجەکان کە منیان دەبینی خۆیان دەشاردەوە، پیرانیش لەبەرم هەڵدەستان و ڕادەوەستان؛ پیاوە گەورەکان نەیاندەویست قسە بکەن، دەستیان دەخستە سەر دەمی خۆیان؛ پیاوماقوڵان دەنگیان لێ دەبڕا و زمانیان بە مەڵاشوویانەوە دەنووسا. ئەوەی گوێی لێم دەبوو ستایشی دەکردم، ئەو چاوەی کە دەیبینی شایەتی بۆ دەدام، چونکە ئەو هەژارانەی کە هاواریان بۆ دەهێنام و ئەو هەتیوانەی کە بێکەس بوون ڕزگارم دەکردن. ئەوانەی لە سەرەمەرگدا بوون بەرەکەتیان دەدامێ و دڵی بێوەژنم دەهێنایە قریوە. ڕاستودروستیم لەبەر دەکرد و دەمپۆشی؛ دادپەروەری کەوا و مێزەرەکەم بوو. دەبووم بە چاو بۆ نابینایان و بە قاچ بۆ شەلان. من بۆ نەداران باوکێک دەبووم و بەرگریم لە کەسێک دەکرد کە پێی ئاشنا نەبووم. کەڵبەی ستەمکارم وردوخاش دەکرد و لەنێو ددانەکانی نێچیرم دەڕفاند.
ئەیوب 29 بخوێنەوە
گوێگرتن لە ئەیوب 29
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: ئەیوب 1:29-17
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان