ئەیوب 15
15
وەڵامی دووەمی ئەلیفاز
1ئەلیفازی تێمانیش وەڵامی دایەوە:
2«ئایا کەسی دانا بە نەزانی وەڵام دەداتەوە و
مێشکی بە شتی هیچوپووچ پڕ دەکات؟
3ئایا بە قسەی بێ سوود بەڵگە دێنێتەوە و
بەو لێدوانانەی قازانجی لێ ناکات؟
4بەڵام تۆ لەخواترسی پێشێل دەکەیت و
خەڵک لە خواپەرستی دوور دەخەیتەوە.
5بێگومان گوناهەکانت دەمت فێر دەکەن و
زمانی تەڵەکەبازی هەڵدەبژێریت.
6زمانی خۆت تاوانبارت دەکات، نەک من،
لێوەکانت لە دژت شایەتی دەدەن.
7«ئایا تۆ یەکەم مرۆڤ بوویت لەدایک بوویت؟
یان لەپێش گردەکانەوە دروستبوویت؟
8ئایا لە ئەنجومەنی خودا#15:8 هەندێک لە فریشتەکان لەبەردەم خودا ئامادە دەبن، خودا لە فەرمایشت و فەرمانەکانی دەکرێ ڕاوێژیان پێ بکات و گفتوگۆیان لەگەڵ بکات. گوێت گرتبوو؟
ئایا داناییت بە باڵای خۆتدا بڕیوە؟
9چی دەزانیت کە ئێمە نایزانین،
چی تێدەگەیت کە لەلای ئێمە نەبێت؟
10پیر و ڕیش سپی وامان لەناودایە،
تەمەنی لە باوکت زیاترە.
11ئایا دڵنەواییەکانی خودا و
بە نەرمی قسەکردن لەگەڵت کەمە؟
12بۆچی دڵت دەتبات و
بۆچی چاوەکانت دەبریسکێنەوە،
13بۆ ئەوەی ڕۆحت لە دژی خودا وەربگێڕیت و
قسەی وا لە دەمت بهێنیتە دەرەوە؟
14«مرۆڤ کێیە هەتا بێگەرد بێت و
لەدایکبوو لە ژن کێیە هەتا ڕاستودروست بێت؟
15ئەگەر خودا متمانە بە پیرۆزەکانی خۆی ناکات،
کەواتە ئاسمان لەبەرچاوی بێگەرد نییە،
16ئیتر مرۆڤ کە ناڕەوایی وەک ئاو دەخواتەوە
دەبێت چەند قێزەون و گەندەڵ بێت؟
17«من پێت دەڵێم گوێم لێ بگرە،
باسی ئەوە دەکەم کە بینیم،
18ئەوەی دانایان لە باوباپیرانیانەوە پێیان ڕاگەیەنراوە و
ئەوانیش نەیانشاردووەتەوە،
19ئەوانەی خاکەکە تەنها بەوان دراوە و
هیچ نامۆیەک بەناویاندا تێنەپەڕیوە.
20بەدکار ڕۆژانە دەتلێتەوە،
ژمارەی ساڵانی ستەمکاریش دیاریکراوە.
21دەنگێکی ترسناک لە گوێیەکانیەتی و
لە ساتی ئاشتیدا تێکدەر بۆی دێت.
22لەو باوەڕەدا نییە لە تاریکی دەگەڕێتەوە؛
چاوەڕوانی شمشێرە.
23ئەو وێڵە و دەبێتە نێچیری سیسارکە کەچەڵ،
دەزانێت کە ڕۆژی تاریکی نزیکە.
24تەنگانە و ئازار دەیتۆقێنن و
بەسەریدا زاڵن وەک پاشایەکی ئامادە بۆ پەلاماردان،
25چونکە بە تووڕەییەوە دەستی لە خودا ڕادەوەشێنێت،
لە دژی خودای هەرە بەتوانا پاڵەوانیێتی نواند،
26بە کەللەڕەقییەوە بەرەو ئەو ڕایکرد
بە قەڵغانە ئەستوور و بەهێزەکەیەوە.
27«هەرچەندە دەموچاوی بە چەوری داپۆشی و
ناوقەدی خۆی بە پیو#15:27 پیو: واتا بەز. ئەستوور کرد،
28بەڵام لە شارۆچکەی کاولبوو نیشتەجێ دەبێت،
لەو ماڵانەی کەسی تێدا ناژیێت و
خەریکن دەبنە کەلاوە.
29لەمەودوا دەوڵەمەند نابێت و سامانەکەی جێگیر نابێت،
دەستکەوتی لەناو زەویدا بەرفراوان نابێت.
30لە تاریکی دەرباز نابێت،
کڵپەی گڕێک پۆپکەکانی وشک دەکات و
بە فووێکی دەمی نامێنێت.
31جێی باوەڕ نابێت
بە شتی پووچ وێڵ دەبێت،
چونکە شتی پووچ دەبێت بە کرێیەکەی.
32پێش ئەوەی ڕۆژی خۆی تەواو بێت،
دەفەوتێت و گەڵاکەی سەوز نابێت.
33وەک ترێ پەسیرەکانی#15:33 بەرسیلەکانی. دەکەوێت و
وەک زەیتوون گوڵەکەی هەڵدەوەرێت.
34کۆمەڵی خوانەناسان چۆڵوهۆڵ دەبێت،
ئاگریش ڕەشماڵی بەرتیلخۆران دەسووتێنێت.
35بە ئاژاوە دووگیان بوون و خراپەیان بۆ لەدایک دەبێت،
سکیان پیلانی فێڵ و درۆ پێکدەهێنێت.»
دیاریکراوەکانی ئێستا:
ئەیوب 15: KSS
بەرچاوکردن
هاوبەشی بکە
لەبەرگرتنەوە
دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.