لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئەیوب 1:1-8

ئەیوب 1:1-8 KSS

پیاوێک هەبوو لە خاکی عوچ ناوی ئەیوب بوو، کەسێکی ڕاست و بێ کەموکوڕی بوو، لەخواترس بوو، خۆی لە خراپە لا دەدا. حەوت کوڕ و سێ کچی هەبوو. مەڕوماڵاتەکەشی، حەوت هەزار مەڕ و سێ هەزار وشتر و پێنج سەد جووت مانگا و پێنج سەد ماکەر بوو، خزمەتکارەکانیشی زۆر زۆر بوون، ئەیوب لەنێو هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵاتدا مەزنترین کەس بوو. کوڕەکانیشی بە نۆرە هەر جارەی لە ماڵی یەکێکیان خوانیان ساز دەکرد، سێ خوشکەکەیان بانگهێشت دەکرد بۆ ئەوەی لەگەڵیان بخۆن و بخۆنەوە. کاتێک کە ڕۆژانی خوان سازکردنەکە دەسووڕایەوە، ئەیوب بەدوایاندا دەینارد و پیرۆزی دەکردن، بۆ ڕۆژی پاشتر بەیانی زوو هەڵدەستا و بەپێی ژمارەیان قوربانی سووتاندنی پێشکەش دەکرد، چونکە ئەیوب دەیگوت: «ڕەنگە منداڵەکانم گوناهیان کردبێت و لە دڵیاندا نەفرەتیان لە خودا کردبێت.» ئەیوب بە بەردەوامی ئەم کارەی دەکرد. ئەوە بوو ڕۆژێکیان فریشتەکان هاتن بۆ ئەوەی لەبەردەم یەزدان بوەستن، شەیتانیش لەگەڵیان هات. جا یەزدان بە شەیتانی فەرموو: «لەکوێوە هاتیت؟» شەیتانیش وەڵامی یەزدانی دایەوە: «لە گەڕان لەسەر زەوی و هاتوچۆکردن تێیدا.» یەزدانیش بە شەیتانی فەرموو: «خۆ چاوت نەبڕیوەتە سەر ئەیوبی بەندەم؟ لە زەویدا کەس نییە وەک ئەو، کەسێکی وا ڕاست و بێ کەموکوڕی، لەخواترسە و لە خراپە لادەدات.»