وەڵامیان دایەوە: «باوکمان ئیبراهیمە.» عیساش پێی فەرموون: «ئەگەر ڕۆڵەی ئیبراهیم بوونایە، کردارەکانی ئیبراهیمتان دەکرد. بەڵام ئێستا هەوڵی کوشتنی من دەدەن، ئەو کەسەی کە ڕاستیی لە خوداوە بیست و پێی گوتن. ئیبراهیم وەک ئێوەی نەکردووە. ئێوە کردارەکانی باوکتان دەکەن.» جا پێیان گوت: «بە زۆڵی لەدایک نەبووین. یەک باوکمان هەیە کە خودایە.» عیسا پێی فەرموون: «ئەگەر خودا باوکتان بووایە، منتان خۆشدەویست، چونکە لە خوداوە دەرچووم و هاتووم. لە خۆمەوە نەهاتووم، بەڵکو ئەو ناردوومی. بۆچی لە قسەکانم تێناگەن؟ چونکە ئێوە ناتوانن گوێ لە وشەکانم بگرن. ئێوە لە ئیبلیسی باوکتانن، دەتانەوێت ئارەزووەکانی باوکتان جێبەجێ بکەن. ئەو لە سەرەتاوە بکوژ بووە، لە ڕاستیدا نەچەسپاوە، چونکە ڕاستی لە ئەودا نییە. کاتێک درۆ دەکات، بە زمانی خۆی قسە دەکات، چونکە درۆزنە و باوکی درۆیە. هەر بۆیە، کاتێک من ڕاستی دەڵێم ئێوە باوەڕم پێ ناکەن! کامەتان دەتوانێت گوناهێکم لەسەر بسەلمێنێ؟ جا ئەگەر ڕاستی دەڵێم، بۆچی باوەڕم پێ ناکەن؟ ئەوەی لە خوداوەیە، گوێ لە پەیامی خودا دەگرێت. بۆیە ئێوە گوێ ناگرن، چونکە لە خوداوە نین.» جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «ئایا ئێمە ڕاست ناڵێین کە تۆ سامیرەییت و ڕۆحی پیست تێدایە؟» عیسا وەڵامی دانەوە: «من ڕۆحی پیسم تێدا نییە، بەڵام ڕێزی باوکم دەگرم و ئێوەش سووکایەتیم پێ دەکەن. داوای شکۆ بۆ خۆم ناکەم، بەڵام یەکێک هەیە کە بۆم داوا دەکات و حوکم دەدات. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر یەکێک گوێڕایەڵی وشەکانم بێت هەرگیز مردن نابینێت.» پاشان جولەکەکان پێیان گوت: «ئێستا زانیمان ڕۆحی پیست تێدایە. ئیبراهیم و پێغەمبەران مردن، کەچی تۆ دەڵێی: ”ئەوەی گوێڕایەڵی وشەکانم بێت هەرگیز تامی مردن ناکات.“ ئایا تۆ لە ئیبراهیمی باوکمان گەورەتری کە مرد؟ پێغەمبەرانیش مردن. خۆت بە چی دەزانیت؟» عیسا وەڵامی دانەوە: «ئەگەر من خۆم شکۆدار بکەم، ئەوا شکۆمەندییەکەم هیچ نییە، ئەوە باوکمە کە شکۆدارم دەکات، ئەوەی ئێوە دەڵێن خودامانە. هەرچەندە ئێوە نایناسن، بەڵام من دەیناسم. ئەگەر بڵێم نایناسم، وەک ئێوە دەبمە درۆزن. بەڵام دەیناسم و گوێڕایەڵی وشەکانی دەبم. ئیبراهیمی باوکتان دڵشاد بوو کە ڕۆژی هاتنی من ببینێت، جا ئەو ڕۆژەی بینی و دڵخۆش بوو.» جولەکەکان پێیان گوت: «تۆ جارێ تەمەنت نەبووە بە پەنجا ساڵ، ئیتر چۆن دەڵێیت کە ئیبراهیمت بینیوە؟» عیسا پێی فەرموون: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، پێش ئەوەی ئیبراهیم لەدایک ببێت، من هەم.» ئەوسا بەردیان هەڵگرت تاکو بەردبارانی بکەن، بەڵام عیسا خۆی شاردەوە و حەوشەکانی پەرستگای بەجێهێشت.
یۆحەنا 8 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یۆحەنا 8
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یۆحەنا 39:8-59
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان