لەبەر ئەوە هەندێک لە خەڵکی ئۆرشەلیم دەیانگوت: «ئەمە نییە ئەوەی دەیانەوێت بیکوژن؟ ئەوەتا بە ئاشکرا قسە دەکات و هیچی پێ ناڵێن. ئایا سەرۆکەکان بەڕاستی بۆیان دەرکەوتووە کە ئەمە مەسیحەکەیە؟ بەڵام ئێمە دەزانین ئەمە خەڵکی کوێیە. کاتێک مەسیح دێت، کەس نازانێت خەڵکی کوێیە.» پاشان عیسا لە حەوشەکانی پەرستگا بەردەوام بوو لەسەر فێرکردنی خەڵکی و هاواری کرد: «بەڵێ، دەمناسن و دەزانن خەڵکی کوێم. لە خۆمەوە نەهاتووم، بەڵام ئەوەی منی ناردووە ڕاستە. ئێوە نایناسن، بەڵام من دەیناسم، چونکە لەوم و ئەویش منی ناردووە.» لەبەر ئەوە هەوڵیان دەدا بیگرن، بەڵام کەس دەستی بۆ درێژ نەکرد، چونکە هێشتا کاتی نەهاتبوو. زۆر لە خەڵکەکەش باوەڕیان پێی هێنا و گوتیان: «ئایا کاتێک مەسیح دێت، پەرجووی زیاتر دەکات لەوەی ئەمە کردوویەتی؟» کاتێک فەریسییەکان گوێیان لێبوو کە خەڵکەکە لەبارەی عیساوە چرپەچرپ دەکەن، کاهینانی باڵا و فەریسییەکان خزمەتکاریان نارد تاکو بیگرن. عیسا فەرمووی: «ماوەیەکی کەمم لەگەڵتان ماوە، ئینجا دەچمە لای ئەوەی ناردوومی. بەدوامدا دەگەڕێن بەڵام نامدۆزنەوە، هەروەها ناتوانن بێن بۆ ئەو شوێنەی من لێی دەبم.» ئیتر جولەکەکان لەنێو خۆیاندا گوتیان: «ئەمە بە نیازە بۆ کوێ بڕوات کە نایدۆزینەوە؟ ئایا بۆ لای پەراگەندەکانی نێو یۆنانییەکان دەڕوات، تاکو یۆنانییەکان فێر بکات؟! ئەم قسەیە چییە دەیکات: ”داوام دەکەن بەڵام نامدۆزنەوە“ و ”ناتوانن بێن بۆ ئەو شوێنەی من لێی دەبم“؟» لە گەورەترین و کۆتا ڕۆژی جەژندا، عیسا ڕاوەستا و هاواری کرد: «ئەگەر یەکێک تینووی بوو با بێتە لام و بخواتەوە. ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، وەک نووسراوە پیرۆزەکە فەرموویەتی، لە ناخییەوە ڕووبارەکانی ئاوی ژیان دەڕوات.» لێرەدا مەبەستی لە ڕۆحی پیرۆز بوو، کە ئەوانەی باوەڕی پێدەهێنن دواتر وەریدەگرن، بەڵام هێشتا ڕۆحی پیرۆز نەدرابوو، چونکە عیسا شکۆدار نەببوو. هەندێک لە خەڵکەکە کە گوێیان لەم قسانە بوو، گوتیان: «ئەمە بە ڕاستی پێغەمبەرەکەیە.» هەندێکی دیکە گوتیان: «ئەمە مەسیحەکەیە.» بەڵام هەندێک گوتیان: «باشە مەسیح لە جەلیلەوە دێت؟ ئایا نووسراوە پیرۆزەکە نافەرموێت کە مەسیح لە ڕەچەڵەکی داود و لە بێتلەحمەوە دێت، ئەو گوندەی کە داودی لێبوو؟» بۆیە بەهۆی ئەوەوە دووبەرەکی کەوتە نێوان خەڵکەکە. هەندێک لەوان ویستیان بیگرن، بەڵام کەس دەستگیری نەکرد. ئەوسا خزمەتکارەکان گەڕانەوە لای کاهینانی باڵا و فەریسییەکان، ئەوانیش لێیان پرسین: «بۆچی نەتانهێنا؟» خزمەتکارەکان وەڵامیان دایەوە: «هەرگیز کەس وەک ئەمە قسەی نەکردووە!» فەریسییەکان گوتیان: «ئایا ئێوەش گومڕا بوون؟ باشە کەس لە سەرۆکەکان یان فەریسییەکان باوەڕی پێ هێناوە؟ نەخێر! تەنها ئەم خەڵکە نەفرەتلێکراوە نەبێت کە لە تەورات نازانێت.» نیقۆدیمۆس کە پێشتر هاتبووە لای عیسا و یەکێک بوو لەوان، لێی پرسین: «ئایا تەوراتمان حوکمی یەکێک دەدات پێش ئەوەی گوێی لێ بگرێت و بزانێت چی کردووە؟» وەڵامیان دایەوە: «تۆش جەلیلیت؟ لێی بکۆڵەوە و بیزانە کە لە جەلیلدا پێغەمبەر هەڵناکەوێت.» [
یۆحەنا 7 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یۆحەنا 7
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یۆحەنا 25:7-52
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان