لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 41:6-51

یۆحەنا 41:6-51 KSS

جولەکەش دەستیان کرد بە بۆڵەبۆڵکردن، چونکە فەرمووی: «منم ئەو نانەی لە ئاسمانەوە دابەزیوە.» گوتیان: «ئەمە عیسای کوڕی یوسف نییە، کە دایک و باوکی دەناسین؟ ئێستا چۆن دەڵێت ”لە ئاسمانەوە دابەزیوم“؟» عیساش وەڵامی دانەوە و پێی گوتن: «لەناو خۆتاندا بۆڵەبۆڵ مەکەن. کەس ناتوانێت بێتە لام ئەگەر باوک ڕاینەکێشێت، ئەوەی ناردوومی، منیش لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە. لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا نووسراوە: ﴿هەموو لە خوداوە فێر دەبن.﴾ جا ئەوەی لە باوکەوە بیستبێتی و فێربووبێت دێتە لام. کەس باوکی نەبینیوە جگە لەوەی لە خوداوەیە، تەنها ئەوەی لە خوداوەیە باوکی بینیوە. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی باوەڕ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی هەیە. منم نانی ژیان. باوباپیرانتان لە چۆڵەوانیدا مەنیان خوارد و مردن. بەڵام ئەمە ئەو نانەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە، تاکو ئەوەی لێی بخوات نەمرێت. منم ئەو نانە زیندووەی کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە. ئەگەر یەکێک لەم نانە بخوات بۆ هەتاهەتایە دەژیێت. ئەو نانەش کە بۆ ژیانی جیهان دەیبەخشم، جەستەمە.»