کاتێک ژنێکی سامیرەیی هات بۆ ئەوەی ئاو ببات، عیسا پێی فەرموو: «هەندێک ئاوم بدەرێ.» لەو کاتەدا قوتابییەکانی چووبوونە ناو شار تاکو خواردن بکڕن. جا ژنە سامیرەییەکە پێی گوت: «تۆ جولەکەیت و منیش ژنێکی سامیرەییم، چۆن داوای ئاوم لێ دەکەیت؟» چونکە جولەکەکان تێکەڵی سامیرەییەکان نابن. عیساش وەڵامی دایەوە: «ئەگەر بەخشینی خودات بزانیایە و هەروەها ئەوەش کێیە کە پێت دەڵێت ”ئاوم بدەرێ،“ ئەوسا تۆ داوات لێ دەکرد و ئەویش ئاوی ژیانی پێدەدایت.» ژنەکە پێی گوت: «بەڵام گەورەم، دۆلکەت پێ نییە و بیرەکەش قووڵە. ئیتر تۆ ئاوی ژیانت لەکوێ بوو؟ خۆ لە یاقوبی باوکمان گەورەتر نیت کە بیرەکەی پێداوین، خۆی و کوڕەکانی و ماڵاتەکانیشی لێیان خواردووەتەوە؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «هەرکەسێک لەم ئاوە بخواتەوە جارێکی دیکە تینووی دەبێتەوە. بەڵام ئەوەی لەو ئاوە بخواتەوە کە من دەیدەمێ، هەرگیز تینووی نابێت، بەڵکو ئەو ئاوەی من دەیدەمێ تێیدا دەبێتە کانیاوێک و هەڵدەقوڵێت، ژیانی هەتاهەتایی دەبەخشێ.» ژنەکەش پێی گوت: «گەورەم، ئەو ئاوەم بدەرێ تاکو تینوو نەبم و نەیەمەوە ئێرە بۆ ئاوکێشان.» عیسا پێی فەرموو: «بڕۆ، مێردەکەت بانگ بکە و وەرەوە ئێرە.» ژنەکە وەڵامی دایەوە: «مێردم نییە.» عیساش پێی فەرموو: «ڕاست دەکەیت کە دەڵێی مێردم نییە. لە ڕاستیدا پێنج مێردت هەبوو، ئێستاش ئەوەی هەتە مێردت نییە. ئەمەشت بە ڕاستی گوت.» ژنەکە پێی گوت: «گەورەم، وای دەبینم کە تۆ پێغەمبەر بیت. باوباپیرانمان لەم شاخەدا خودایان پەرستووە، بەڵام ئێوە دەڵێن ئۆرشەلیم ئەو شوێنەیە کە پێویستە پەرستنی لێ بکرێت.» عیسا پێی فەرموو: «خانم، باوەڕم پێ بکە، کاتێک دێت ئێوە باوک دەپەرستن، بەڵام نە لەسەر ئەم شاخە و نە لە ئۆرشەلیم. ئەوەی ئێوە دەیپەرستن نایناسن، بەڵام ئەوەی ئێمە دەیپەرستین دەیناسین، چونکە ڕزگاری لە جولەکەوەیە. بەڵام کاتێک دێت ئەویش کە ئێستایە خواپەرستە ڕاستەقینەکان بە ڕۆحی پیرۆز و ڕاستی باوک دەپەرستن، چونکە باوک داوای ئەم جۆرە خواپەرستانە دەکات. خودا ڕۆحە و پێویستە ئەوانەی دەیپەرستن بە ڕۆحی پیرۆز و ڕاستی بیپەرستن.» ژنەکە پێی گوت: «دەزانم مەسیا دێت، کە پێی دەگوترێ مەسیح، کە ئەو هات هەموو شتێکمان پێ ڕادەگەیەنێت.» عیساش پێی فەرموو: «من ئەوم، ئەوەی قسەت لەگەڵ دەکات.» لەو کاتەدا قوتابییەکانی گەیشتن و سەرسام بوون کە لەگەڵ ژنێک قسە دەکات. بەڵام کەس نەیگوت: «چیت دەوێت؟» یان «بۆچی قسەی لەگەڵ دەکەیت؟» ئینجا ژنەکە گۆزەکەی بەجێهێشت، چووە ناو شار و بە خەڵکی گوت: «وەرن ئەو پیاوە ببینن کە هەرچییەکم کردووە پێی فەرمووم! دەبێ مەسیح نەبێت؟» ئیتر خەڵکەکە لە شار هاتنە دەرەوە و چوونە لای.
یۆحەنا 4 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یۆحەنا 4
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یۆحەنا 7:4-30
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان