لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 34:4-42

یۆحەنا 34:4-42 KSS

عیساش پێی فەرموون: «خواردنی من ئەوەیە خواستی ئەوە ئەنجام بدەم کە ناردوومی و کارەکەی تەواو بکەم. ئەی ئێوە ناڵێن: ”پاش چوار مانگ کاتی دروێنە دێت“؟ ئەوەتا پێتان دەڵێم: چاوتان هەڵبڕن و سەیری کێڵگەکان بکەن وا زەرد هەڵگەڕاون بۆ دروێنە. سەپانیش کرێ وەردەگرێت و بۆ ژیانی هەتاهەتایی بەرهەم کۆدەکاتەوە، تاکو تۆوچێن و سەپان پێکەوە دڵشاد بن. لەبەر ئەوە ئەو پەندە ڕاستە کە دەڵێت: ”یەکێک تۆو دەکات و یەکێکی دیکە دروێنە دەکات.“ من ئێوەم بۆ دروێنەیەک ناردووە کە پێوەی ماندوو نەبوون. کەسانی دیکە پێوەی ماندوو بوون و ئێوە بەرهەمی ماندووبوونیان دەخۆن.» زۆر لە سامیرەییەکانی ئەو شارە باوەڕیان بە عیسا هێنا، لەبەر قسەی ئەو ژنەی کە شایەتی دەدا: «هەرچییەکم کردووە پێی فەرمووم.» لەبەر ئەوە کاتێک سامیرەییەکان هاتنە لای عیسا، تکایان لێکرد لەلایان بمێنێتەوە، ئەویش دوو ڕۆژ لەوێ مایەوە. ژمارەیەکی زۆر زیاتریش بەهۆی قسەکانییەوە باوەڕیان هێنا. بە ژنەکەیان دەگوت: «چیتر بەهۆی قسەی تۆوە نییە کە ئێمە باوەڕ دەهێنین، چونکە خۆمان بیستمان و دەزانین کە ئەم پیاوە بەڕاستی ڕزگارکەری جیهانە!»