لەو کاتەدا قوتابییەکانی گەیشتن و سەرسام بوون کە لەگەڵ ژنێک قسە دەکات. بەڵام کەس نەیگوت: «چیت دەوێت؟» یان «بۆچی قسەی لەگەڵ دەکەیت؟» ئینجا ژنەکە گۆزەکەی بەجێهێشت، چووە ناو شار و بە خەڵکی گوت: «وەرن ئەو پیاوە ببینن کە هەرچییەکم کردووە پێی فەرمووم! دەبێ مەسیح نەبێت؟» ئیتر خەڵکەکە لە شار هاتنە دەرەوە و چوونە لای. لەو کاتەدا قوتابییەکان تکایان لێی دەکرد: «ڕابی، شتێک بخۆ!» بەڵام پێی فەرموون: «من خواردنێکم هەیە دەیخۆم، کە ئێوە نایزانن.» لەبەر ئەوە قوتابییەکان بە یەکتریان دەگوت: «کەس هیچی بۆ هێناوە بیخوات؟» عیساش پێی فەرموون: «خواردنی من ئەوەیە خواستی ئەوە ئەنجام بدەم کە ناردوومی و کارەکەی تەواو بکەم. ئەی ئێوە ناڵێن: ”پاش چوار مانگ کاتی دروێنە دێت“؟ ئەوەتا پێتان دەڵێم: چاوتان هەڵبڕن و سەیری کێڵگەکان بکەن وا زەرد هەڵگەڕاون بۆ دروێنە. سەپانیش کرێ وەردەگرێت و بۆ ژیانی هەتاهەتایی بەرهەم کۆدەکاتەوە، تاکو تۆوچێن و سەپان پێکەوە دڵشاد بن. لەبەر ئەوە ئەو پەندە ڕاستە کە دەڵێت: ”یەکێک تۆو دەکات و یەکێکی دیکە دروێنە دەکات.“ من ئێوەم بۆ دروێنەیەک ناردووە کە پێوەی ماندوو نەبوون. کەسانی دیکە پێوەی ماندوو بوون و ئێوە بەرهەمی ماندووبوونیان دەخۆن.» زۆر لە سامیرەییەکانی ئەو شارە باوەڕیان بە عیسا هێنا، لەبەر قسەی ئەو ژنەی کە شایەتی دەدا: «هەرچییەکم کردووە پێی فەرمووم.» لەبەر ئەوە کاتێک سامیرەییەکان هاتنە لای عیسا، تکایان لێکرد لەلایان بمێنێتەوە، ئەویش دوو ڕۆژ لەوێ مایەوە. ژمارەیەکی زۆر زیاتریش بەهۆی قسەکانییەوە باوەڕیان هێنا. بە ژنەکەیان دەگوت: «چیتر بەهۆی قسەی تۆوە نییە کە ئێمە باوەڕ دەهێنین، چونکە خۆمان بیستمان و دەزانین کە ئەم پیاوە بەڕاستی ڕزگارکەری جیهانە!»
یۆحەنا 4 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یۆحەنا 4
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یۆحەنا 27:4-42
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان