لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 13:4-26

یۆحەنا 13:4-26 KSS

عیسا وەڵامی دایەوە: «هەرکەسێک لەم ئاوە بخواتەوە جارێکی دیکە تینووی دەبێتەوە. بەڵام ئەوەی لەو ئاوە بخواتەوە کە من دەیدەمێ، هەرگیز تینووی نابێت، بەڵکو ئەو ئاوەی من دەیدەمێ تێیدا دەبێتە کانیاوێک و هەڵدەقوڵێت، ژیانی هەتاهەتایی دەبەخشێ.» ژنەکەش پێی گوت: «گەورەم، ئەو ئاوەم بدەرێ تاکو تینوو نەبم و نەیەمەوە ئێرە بۆ ئاوکێشان.» عیسا پێی فەرموو: «بڕۆ، مێردەکەت بانگ بکە و وەرەوە ئێرە.» ژنەکە وەڵامی دایەوە: «مێردم نییە.» عیساش پێی فەرموو: «ڕاست دەکەیت کە دەڵێی مێردم نییە. لە ڕاستیدا پێنج مێردت هەبوو، ئێستاش ئەوەی هەتە مێردت نییە. ئەمەشت بە ڕاستی گوت.» ژنەکە پێی گوت: «گەورەم، وای دەبینم کە تۆ پێغەمبەر بیت. باوباپیرانمان لەم شاخەدا خودایان پەرستووە، بەڵام ئێوە دەڵێن ئۆرشەلیم ئەو شوێنەیە کە پێویستە پەرستنی لێ بکرێت.» عیسا پێی فەرموو: «خانم، باوەڕم پێ بکە، کاتێک دێت ئێوە باوک دەپەرستن، بەڵام نە لەسەر ئەم شاخە و نە لە ئۆرشەلیم. ئەوەی ئێوە دەیپەرستن نایناسن، بەڵام ئەوەی ئێمە دەیپەرستین دەیناسین، چونکە ڕزگاری لە جولەکەوەیە. بەڵام کاتێک دێت ئەویش کە ئێستایە خواپەرستە ڕاستەقینەکان بە ڕۆحی پیرۆز و ڕاستی باوک دەپەرستن، چونکە باوک داوای ئەم جۆرە خواپەرستانە دەکات. خودا ڕۆحە و پێویستە ئەوانەی دەیپەرستن بە ڕۆحی پیرۆز و ڕاستی بیپەرستن.» ژنەکە پێی گوت: «دەزانم مەسیا دێت، کە پێی دەگوترێ مەسیح، کە ئەو هات هەموو شتێکمان پێ ڕادەگەیەنێت.» عیساش پێی فەرموو: «من ئەوم، ئەوەی قسەت لەگەڵ دەکات.»