لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 7:21-19

یۆحەنا 7:21-19 KSS

ئەو قوتابییەی عیسا خۆشی دەویست بە پەترۆسی گوت: «ئەوە عیسای خاوەن شکۆیە!» کاتێک پەترۆس بیستی «ئەوە عیسای خاوەن شکۆیە،» خۆی بە جلەکانی داپۆشی چونکە ڕووت بوو، خۆی هەڵدایە ناو ئاوەکەوە. قوتابییەکانی دیکە بە بەلەمەکە هاتن و تۆڕی ماسییەکەیان ڕادەکێشا، چونکە تەنها دوو سەد باڵ لە وشکانییەوە دوور بوون. کاتێک دابەزینە وشکانی، بینییان وا خەڵووز ئامادە کراوە و ماسی خراوەتە سەری و نان دانراوە. عیسا پێی فەرموون: «لەو ماسییانە بهێنن کە ئێستا گرتتان.» شیمۆن پەترۆسیش سەرکەوت و تۆڕەکەی ڕاکێشایە سەر وشکانی، سەد و پەنجا و سێ ماسی گەورەی تێدابوو، لەگەڵ زۆریەکەشی تۆڕەکە نەدڕا. عیسا پێی فەرموون: «وەرن بخۆن.» هیچ کام لە قوتابییەکان نەیانوێرا پرسیاری لێ بکەن: «تۆ کێیت؟» زانییان عیسای خاوەن شکۆیە. عیسا هات، نانەکەی هەڵگرت و پێیدان، ماسییەکەش بە هەمان شێوە. ئەمە سێیەم جار بوو کە عیسا پاش هەستانەوەی لەنێو مردووان بۆ قوتابییەکان دەرکەوت. دوای ئەوەی نانیان خوارد عیسا بە شیمۆن پەترۆسی فەرموو: «شیمۆنی یۆنا، منت لەوانە خۆشتر دەوێت؟» پێی گوت: «بەڵێ گەورەم، دەزانیت کە تۆم خۆشدەوێت.» پێی فەرموو: «بەرخەکانم بلەوەڕێنە.» دیسان پێی فەرمووەوە: «شیمۆنی یۆنا، منت خۆشدەوێت؟» پێی گوت: «بەڵێ گەورەم، دەزانیت خۆشمدەوێیت.» پێی فەرموو: «ببە بە شوانی مەڕەکانم.» سێیەم جار پێی فەرموو: «شیمۆنی یۆنا، منت خۆشدەوێت؟» پەترۆس دڵگران بوو، چونکە سێ جار پێی فەرموو: «منت خۆشدەوێت؟» پێی گوت: «گەورەم، تۆ هەموو شتێک دەزانیت. دەزانیت کە خۆشمدەوێیت.» عیسا پێی فەرموو: «مەڕەکانم بلەوەڕێنە. ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم، کاتێک گەنج بوویت پشتێنەکەتت دەبەست و بۆ هەرکوێ دەتویست، دەچوویت. بەڵام کاتێک پیر دەبیت دەستت درێژ دەکەیت و یەکێکی دیکە پشتێنەکەت دەبەستێت و دەتباتە شوێنێک کە ناتەوێت.» ئەمەی گوت وەک ئاماژەکردنێک بۆ مردنی پەترۆس کە بەهۆیەوە خودا شکۆدار دەکات. لەدوای ئەمە پێی فەرموو: «دوام بکەوە!»