لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 31:19-42

یۆحەنا 31:19-42 KSS

پاشان ڕابەرانی جولەکە داوایان لە پیلاتۆس کرد قاچی لەخاچدراوان بشکێنرێن و تەرمەکانیان هەڵبگیردرێن، چونکە ڕۆژی ئامادەکاری بوو، ئەو شەممەیە ڕۆژێکی گەورە بوو، تاکو تەرمەکان لە شەممەدا لەسەر خاچ نەمێنن. ئینجا سەربازەکان هاتن و هەردوو قاچی ئەوەی یەکەم و ئەوی دیکەیان شکاند کە لەگەڵ عیسادا لە خاچ درابوون. بەڵام کاتێک هاتنە لای عیسا بینییان وا مردووە، قاچییان نەشکاند. بەڵام یەکێک لە سەربازەکان ڕمێکی لە کەلەکەی دا، دەستبەجێ خوێن و ئاو دەرچوو. ئەو پیاوەی ئەمەی بینی شایەتی دا، شایەتییەکەشی ڕاستە. خۆی دەزانێت کە ڕاست دەڵێت، تاکو ئێوە باوەڕ بهێنن. ئەمە ڕوویدا تاکو نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی: ﴿هیچ ئێسکێکی ئەو ناشکێنرێت!﴾ هەروەها نووسراوێکی پیرۆزی دیکەش دەفەرموێ: ﴿تەماشای ئەوە دەکەن کە ڕمیان لێداوە.﴾ پاش ئەوە یوسفی خەڵکی ڕامە کە لە ترسی ڕابەرانی جولەکە بە نهێنی قوتابی عیسا بوو، داوای لە پیلاتۆس کرد تاکو تەرمی عیسا ببات، پیلاتۆسیش ڕێی دا. ئەویش هات و تەرمەکەی برد. نیقۆدیمۆسیش هات، ئەوەی یەکەم جار بە شەو هاتە لای عیسا. لەگەڵ خۆی نزیکەی سی لیتر موڕی تێکەڵاو بە ئەلوای هێنا. جا تەرمەکەی عیسایان برد و بە کەتان لەگەڵ بۆن پێچایانەوە، وەک نەریتی جولەکەیە لە کفن کردن. لەو شوێنەی عیسای تێدا لە خاچ درا باخچەیەکی لێبوو، لە باخچەکەشدا گۆڕێکی نوێی لێبوو کەسی تێدا نەنێژرابوو. لەبەر ڕۆژی ئامادەکاری جولەکەکان عیسایان لەوێ دانا، چونکە گۆڕەکە نزیک بوو.