«نیگەران مەبن. پشت بە خودا ببەستن، پشت بە منیش ببەستن. ماڵی باوکم ژووری زۆری لێیە، ئەگەر ئاوا نەبووایە پێم دەگوتن. من دەچم تاکو شوێنتان بۆ ئامادە بکەم. جا کە ڕۆیشتم و شوێنم بۆ ئامادەکردن، دێمەوە و دەتانبەمە لای خۆم، تاکو ئێوەش لەو شوێنە بن کە من لێی دەبم. ئێوەش ڕێگای ئەو شوێنە دەزانن کە بۆی دەچم.» تۆماس پێی گوت: «گەورەم، نازانین بۆ کوێ دەچیت، چۆن ڕێگاکە بزانین؟» عیساش پێی فەرموو: «منم ڕێگا و ڕاستی و ژیان. کەس نایەتە لای باوک لە ڕێگەی منەوە نەبێت. ئەگەر ئێوە منتان بناسیایە، باوکیشمتان دەناسی. لە ئێستاوە دەیناسن و بینیوتانە.» فیلیپۆس پێی گوت: «گەورەم، باوکمان پیشان بدە و بەسمانە.» عیساش پێی فەرموو: «فیلیپۆس، ئایا تەنانەت لەدوای ئەم ماوە زۆرەش کە لەگەڵتانم، نەتناسیوم؟ ئەوەی منی بینیوە باوکی بینیوە. ئیتر چۆن دەڵێی: ”باوکمان نیشان بدە“؟ ئایا باوەڕ ناکەی من لە باوکدام و باوکیش لە مندایە؟ ئەو قسانەی پێتانی دەڵێم لە خۆمەوە نایڵێم، بەڵکو باوک کە لە مندا نیشتەجێیە، ئەو کارەکانی خۆی دەکات. باوەڕم پێ بکەن کە من لە باوکدام و باوکیش لە مندایە، ئەگەر نا بەهۆی کارەکان خۆیانەوە باوەڕ بکەن. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، ئەو کارانە دەکات کە من دەیکەم، لەمانەش گەورەتر دەکات، چونکە بۆ لای باوک دەچم. هەرچییەک بە ناوی منەوە داوا بکەن دەیکەم، تاکو باوک لە کوڕەکەدا شکۆدار بێت. ئەگەر شتێکتان بە ناوی منەوە داوا کرد، دەیکەم. «ئەگەر منتان خۆشبوێ کار بە ڕاسپاردەکانم دەکەن. منیش داوا لە باوک دەکەم یارمەتیدەرێکی دیکەتان بداتێ کە هەتاهەتایە لەگەڵتان بمێنێتەوە، ڕۆحی ڕاستی، کە جیهان ناتوانێت وەریبگرێت، چونکە نایبینێت و نایناسێت. بەڵام ئێوە دەیناسن، چونکە لەگەڵتان دەمێنێتەوە و لەناو ئێوەدا دەبێت. بە هەتیوی بەجێتان ناهێڵیم، دێمەوە لاتان. پاش ماوەیەکی کەم ئیتر جیهان نامبینێت، بەڵام ئێوە دەمبینن. لەبەر ئەوەی من زیندووم، ئێوەش دەژین. لەو ڕۆژەدا دەزانن من لە باوکمدام، ئێوەش لە مندان، منیش لە ئێوەدام.
یۆحەنا 14 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یۆحەنا 14
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یۆحەنا 1:14-20
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان