لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 12:12-36

یۆحەنا 12:12-36 KSS

بۆ بەیانی ئەو ئاپۆرەیە لە خەڵک کە هاتبوون بۆ جەژن، بیستیان کە عیسا دێت بۆ ئۆرشەلیم. لقە دار خورمایان برد و بەرەوپیری چوون، هاواریان دەکرد: «هۆسانا! ﴿پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!﴾» «پیرۆزە پاشای ئیسرائیل!» عیسا جاشکێکی بینی، سواری بوو، وەک نووسراوە: ﴿ئەی شاری سییۆن مەترسە، ئەوەتا پاشاکەت دێت بە سواری جاشی ماکەرێک.﴾ سەرەتا قوتابییەکانی لەمانە تێنەگەیشتن. بەڵام پاش ئەوەی عیسا شکۆدار کرا، بیریان کەوتەوە کە ئەمانە دەربارەی ئەو نووسراون، ئەوانیش ئەمانەیان بۆ ئەو کردووە. هەروەها ئەو خەڵکەش کە لەگەڵی بوون کاتێک لەعازری لەناو گۆڕەکەوە بانگکرد و لەنێو مردوواندا هەڵیستاندەوە، شایەتییان بۆی دەدا. لەبەر ئەوە بوو خەڵکەکە چوونە دەرەوە بۆ ئەوەی پێشوازیی لێ بکەن، چونکە بیستیان ئەو پەرجووەی کردووە. فەریسییەکانیش بە یەکتریان گوت: «دەبینن هیچمان لە دەست نایەت! ئەوەتا هەموو جیهان دوای کەوتووە!» هەندێک یۆنانی لەنێو ئەوانە بوون کە هاتبوون لە جەژندا خواپەرستی بکەن. ئەوان هاتنە لای فیلیپۆسی خەڵکی بێت‌سەیدای جەلیل و پێیان گوت: «گەورەم، دەمانەوێت عیسا ببینین.» فیلیپۆسیش هات و بە ئەندراوسی گوت، ئینجا ئەندراوس و فیلیپۆس هاتن و بە عیسایان گوت. عیساش وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «کاتی شکۆدارکردنی کوڕی مرۆڤ هاتووە. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، دەنکە گەنم ئەگەر نەکەوێتە ناو زەوی و نەمرێت، بە تەنها دەمێنێتەوە. بەڵام کە مرد، ئەوسا بەرهەمی زۆر دەدات. ئەوەی ژیانی خۆی خۆشدەوێت دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لەم جیهانەدا ڕقی لە ژیانی خۆی دەبێتەوە، ئەوا بۆ هەتاهەتایە ژیانی دەپارێزێت. ئەوەی خزمەتم دەکات با بەدوام بکەوێت. ئیتر من لە هەر شوێنێک بم، خزمەتکاریشم لەوێیە. ئەگەر یەکێک خزمەتم بکات باوکم ڕێزی لێ دەگرێت.» «ئێستا خەمبارم، چی بڵێم؟ ”باوکە لەم کاتە ڕزگارم بکە“؟ بەڵام نەخێر، من بۆ ئەم کاتە هاتووم. ئەی باوک، ناوت شکۆدار بکە!» جا دەنگێک لە ئاسمانەوە هات: «شکۆدارم کردووە و شکۆداریشی دەکەمەوە.» ئەو خەڵکەی لەوێ ئامادەبوون گوێیان لێبوو و گوتیان: «هەورەتریشقە بوو!» هەندێکی دیکەیان گوتیان: «فریشتەیەک بوو قسەی لەگەڵ کرد.» عیسا فەرمووی: «ئەو دەنگەی هات بۆ من نەبوو، بەڵکو بۆ ئێوە بوو. ئێستا کاتی حوکمدانی ئەم جیهانەیە. ئێستا سەرۆکی ئەم جیهانە دەردەکرێت. کاتێک منیش لە زەوییەوە بەرز دەکرێمەوە، ئەوا هەمووان بۆ لای خۆم ڕادەکێشم.» ئەمەی گوت ئاماژەی کرد بەو شێوە مردنەی کە دەبێت بمرێت. خەڵکەکە وەڵامیان دایەوە: «لە تەوراتدا بیستوومانە کە مەسیح هەتاهەتایە دەمێنێتەوە، ئیتر چۆن دەڵێی ”کوڕی مرۆڤ دەبێت بەرز بکرێتەوە“؟ ئەم کوڕی مرۆڤە کێیە؟» عیساش پێی فەرموون: «ڕووناکییەکەتان بۆ کاتێکی کورت لەسەر دەمێنێتەوە. بڕۆن هەتا ڕووناکیتان لەگەڵە، نەوەک تاریکیتان بەسەردا بێت، چونکە ئەوەی بە تاریکیدا دەڕوات نازانێ بۆ کوێ دەڕوات. باوەڕ بە ڕووناکییەکە بهێنن هەتا ڕووناکییەکەتان لەگەڵدایە، تاکو ببنە ڕۆڵەی ڕووناکییەکە.» عیسا ئەمانەی فەرموو، ڕۆیشت و خۆی لێیان شاردەوە.