لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 1:12-8

یۆحەنا 1:12-8 KSS

شەش ڕۆژ پێش جەژنی پەسخە عیسا هاتە بێت‌عەنیا کە لەعازری لێبوو، ئەوەی عیسا لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە. لەوێ شێوێکیان بۆ ئامادە کرد، مەرسا خزمەتی دەکرد، لەعازریش یەکێک بوو لەوانەی لەگەڵی پاڵیدابووەوە. مریەمیش نیو لیتر بۆنی ناردینی بێگەردی گرانبەهای هێنا و پێیەکانی عیسای پێ چەورکرد، ئینجا بە قژی پێیەکانی عیسای سڕییەوە و ماڵەکەش پڕبوو لە بۆنی خۆش. یەهوزای ئەسخەریوتی کە یەکێک بوو لە قوتابییەکانی و بەتەمابوو بە گرتنی بدات، گوتی: «بۆچی ئەم بۆنە بە سێ سەد دینار نەفرۆشرا و نەدرا بە هەژاران؟» ئەمەی گوت نەک لەبەر ئەوەی خەمی هەژارانی دەخوارد، بەڵکو لەبەر ئەوەی دز بوو و سندوقی پارەشی لەلا بوو، لەو پارەیەی دەبرد کە تێیدا دادەنرا. عیساش فەرمووی: «وازی لێ بهێنن، بۆ ڕۆژی ناشتنم هەڵیگرتبوو، چونکە هەژاران هەمیشە لەگەڵتانن، بەڵام من هەمیشە لەلاتان نیم.»