لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 1:12-19

یۆحەنا 1:12-19 KSS

شەش ڕۆژ پێش جەژنی پەسخە عیسا هاتە بێت‌عەنیا کە لەعازری لێبوو، ئەوەی عیسا لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە. لەوێ شێوێکیان بۆ ئامادە کرد، مەرسا خزمەتی دەکرد، لەعازریش یەکێک بوو لەوانەی لەگەڵی پاڵیدابووەوە. مریەمیش نیو لیتر بۆنی ناردینی بێگەردی گرانبەهای هێنا و پێیەکانی عیسای پێ چەورکرد، ئینجا بە قژی پێیەکانی عیسای سڕییەوە و ماڵەکەش پڕبوو لە بۆنی خۆش. یەهوزای ئەسخەریوتی کە یەکێک بوو لە قوتابییەکانی و بەتەمابوو بە گرتنی بدات، گوتی: «بۆچی ئەم بۆنە بە سێ سەد دینار نەفرۆشرا و نەدرا بە هەژاران؟» ئەمەی گوت نەک لەبەر ئەوەی خەمی هەژارانی دەخوارد، بەڵکو لەبەر ئەوەی دز بوو و سندوقی پارەشی لەلا بوو، لەو پارەیەی دەبرد کە تێیدا دادەنرا. عیساش فەرمووی: «وازی لێ بهێنن، بۆ ڕۆژی ناشتنم هەڵیگرتبوو، چونکە هەژاران هەمیشە لەگەڵتانن، بەڵام من هەمیشە لەلاتان نیم.» کاتێک ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان زانییان عیسا لەوێیە، هاتن، نەک تەنها لەبەر عیسا، بەڵکو بۆ بینینی لەعازریش کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە. ئەوسا کاهینانی باڵا تەگبیریان کرد لەعازریش بکوژن، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان بەهۆی ئەوەوە دەڕۆیشتن و باوەڕیان بە عیسا دەهێنا. بۆ بەیانی ئەو ئاپۆرەیە لە خەڵک کە هاتبوون بۆ جەژن، بیستیان کە عیسا دێت بۆ ئۆرشەلیم. لقە دار خورمایان برد و بەرەوپیری چوون، هاواریان دەکرد: «هۆسانا! ﴿پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!﴾» «پیرۆزە پاشای ئیسرائیل!» عیسا جاشکێکی بینی، سواری بوو، وەک نووسراوە: ﴿ئەی شاری سییۆن مەترسە، ئەوەتا پاشاکەت دێت بە سواری جاشی ماکەرێک.﴾ سەرەتا قوتابییەکانی لەمانە تێنەگەیشتن. بەڵام پاش ئەوەی عیسا شکۆدار کرا، بیریان کەوتەوە کە ئەمانە دەربارەی ئەو نووسراون، ئەوانیش ئەمانەیان بۆ ئەو کردووە. هەروەها ئەو خەڵکەش کە لەگەڵی بوون کاتێک لەعازری لەناو گۆڕەکەوە بانگکرد و لەنێو مردوواندا هەڵیستاندەوە، شایەتییان بۆی دەدا. لەبەر ئەوە بوو خەڵکەکە چوونە دەرەوە بۆ ئەوەی پێشوازیی لێ بکەن، چونکە بیستیان ئەو پەرجووەی کردووە. فەریسییەکانیش بە یەکتریان گوت: «دەبینن هیچمان لە دەست نایەت! ئەوەتا هەموو جیهان دوای کەوتووە!»