لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 30:10-39

یۆحەنا 30:10-39 KSS

من و باوک یەکین.» دیسان ئەو جولەکانەی بەرهەڵستی عیسایان دەکرد بەردیان هەڵگرت تاکو بەردبارانی بکەن. بەڵام عیسا پێی فەرموون: «زۆر کاری چاکم لەلایەن باوکەوە پیشاندان، بەهۆی کامیانەوە بەردبارانم دەکەن؟» جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «لەبەر کردارێکی چاک بەردبارانت ناکەین، بەڵکو بەهۆی کفرکردنتەوە، چونکە تۆ مرۆڤیت و خۆت دەکەیت بە خودا.» عیساش وەڵامی دانەوە: ‏«ئایا لە تەوراتەکەتان نەنووسراوە: ﴿من پێم گوتن: ”ئێوە خوداوەندەکانن“﴾؟ نووسراوە پیرۆزەکە هەمیشە ڕاستی دەفەرموێت. ئەگەر خودا ئەوانە بە ”خوداوەندەکان“ ناو بنێت کە وشەی خودایان بۆ هاتووەتە خوارەوە، ئیتر چۆن ئێوە بەوە دەڵێن کە باوک بۆ خۆی تەرخانی کردووە و ناردوویەتی بۆ جیهان: ”تۆ کفر دەکەیت،“ چونکە گوتم: ”من کوڕی خودام“؟ ئەگەر کارەکانی باوکم نەکەم، باوەڕم پێ مەکەن. بەڵام ئەگەر ئەو کارانە بکەم، هەرچەندە باوەڕیشم پێ ناکەن، باوەڕ بەو کارانە بکەن، تاکو بزانن و تێبگەن کە باوک لە مندایە و منیش لە باوکدام.» دیسان ویستیان بیگرن، بەڵام لە دەستیان دەربازی بوو.