«ئەی نەوەی بنیامین، لە ئۆرشەلیم هەڵبێن! لە تەقۆعە فوو بە کەڕەنادا بکەن! لەسەر بێتهاکارەم ئاگر وەک نیشانە هەڵبکەن! چونکە بەڵا و شکستێکی گەورە لە باکوورەوە دەرکەوتووە. من سییۆنی کچ لەناو دەبەم، کچە جوان و نازدارەکە. شوانەکان بە مێگەلەکانیانەوە بۆ لای ئەو دێن، ڕەشماڵەکان لە دەوری هەڵدەدەن و هەرکەسە لە بەشی خۆی دەلەوەڕێنێ.» «جەنگێک لە دژی سییۆن ئامادە بکەن! هەستن بە نیوەڕۆ هێرش ببەین! بەڵام بە داخەوە، ڕۆژ ئاوا بوو، سێبەرەکانی ئێوارە درێژبوونەوە. کەواتە هەستن بە شەو هێرش ببەین، قەڵاکانی وێران بکەین!» یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «دار ببڕنەوە و مەتەرێز لە دەوری ئۆرشەلیمەوە دابڕێژن. دەبێت ئەو شارە سزا بدرێت، چونکە سەراپای پڕ ستەمە. وەک کانییەک ئاوەکەی هەڵبقوڵێت، ئاوا خراپییەکەی هەڵدەقوڵێت. توندوتیژی و ڕفاندنی تێدا دەبیسترێت، هەمیشە لەبەردەمم نەخۆشی و برینداری هەیە. ئەی ئۆرشەلیم، ئاگاداربە، نەوەک پشتم لە تۆ بکەم، نەوەک بتکەمە خاکێکی وێران، ئیتر کەسی تێدا نیشتەجێ نەبێ.» یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «با پاشماوەی ئیسرائیل بە تەواوی بچنرێنەوە، بە تەواوی وەک ڕەزەمێو، با دەستت بەسەر لقەکاندا بگێڕیت، وەک کەسێک ترێ دەچنێتەوە.» بۆ کێ قسە بکەم؟ کێ ئاگادار بکەمەوە؟ کێ گوێم لێ دەگرێت؟ ئەوەتا گوێیان داخراوە بۆ ئەوەی نەتوانن گوێ شل بکەن. فەرمایشتی یەزدان بۆیان بووە بە ڕیسوایی، دڵیان پێی خۆش نییە. لەبەر ئەوە پڕبووم لە تووڕەیی یەزدان، بێزاربووم لە دەستپێوەگرتنی. ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «تووڕەییەکەم بەسەر منداڵانی کۆڵاندا هەڵبڕێژە بەسەر تێکڕای کۆڕی گەنجان، ژن لەگەڵ مێرد دەبردرێت، پیر لەگەڵ بەساڵاچووان. ماڵەکانیان بۆ خەڵکی دیکە دەبن، کێڵگە و ژنەکانیان پێکەوە، چونکە دەستم بۆ سەر دانیشتووانی خاکەکە درێژ دەکەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «لە بچووکیان هەتا گەورەیان، هەموویان پەرۆشی قازانجن، لە پێغەمبەرەوە هەتا کاهین، هەموو ساختە دەکەن. برینی گەلەکەم بە سووکیەوە چاک دەکەنەوە و دەڵێن: ”ئاشتی، ئاشتی!“ بەڵام ئاشتی نییە. ئایا شەرمەزار بوون کاتێک کاری قێزەونیان کرد؟ نەخێر! شەرمەزار نەبوون، هەروەها نەیانزانی شەرمەزاری چییە. لەبەر ئەوە دەکەونە ناو کوژراوان، لە کاتی سزادانیان تێکدەشکێن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
یەرمیا 6 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەرمیا 6
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەرمیا 1:6-15
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان