«شەرمەزار بووین، چونکە ڕیسوا بووین و شەرم ڕووی داپۆشین، چونکە بێگانەکان هاتنە ناو پیرۆزگاکانی ماڵی یەزدان.» یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ڕۆژێک دێت، بتەکانی سزا دەدەم، لە هەموو خاکەکەیدا بریندارەکان دەناڵێنن. تەنانەت ئەگەر بابل بگاتە ئاسمانیش، ئەگەر قەڵای خۆشی قاییم بکات، تەفروتوناکەر لە دژی ئەو دەنێرم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «دەنگی هاوار دێت لە بابل، دەنگی شکستێکی گەورە لە خاکی بابلییەکان. یەزدان بابل تەفروتونا دەکات، کۆتایی بە دەنگە مەزنەکەی دەهێنێت. شەپۆلی دوژمنەکانیان وەک ئاوێکی زۆر هەڵدەچێت، دەنگیان هاژەی دێت. تەفروتوناکەر دێتە سەر بابل، پاڵەوانەکانی دەگیرێن، کەوانەکانیان دەشکێنرێت، چونکە یەزدان خودای سزادانە، بە تەواوی سزا دەدات. میر و دانا و پارێزگار و فەرمانڕەوا و پاڵەوانەکانی سەرخۆش دەکەم، هەتاهەتایە خەویان لێ دەکەوێت و بەئاگا نایەن.» ئەوە فەرمایشتی ئەو پاشایەیە کە ناوی یەزدانی سوپاسالارە. یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «شوورا پانەکانی بابل بە تەواوی دەڕووخێنرێن، دەروازە بەرزەکانیشی بە ئاگر دەسووتێنرێن. گەلان بەخۆڕایی خۆیان ماندوو دەکەن و ڕەنجی نەتەوەکانیش تەنها بۆ ئاگر دەبێت.» ئەمە ئەو پەیامەیە کە یەرمیای پێغەمبەر دایە سەرایای کوڕی نێرییا کوڕی مەحسێیا، سەرۆکی ئۆردوگا، کاتێک لە ساڵی چوارەمی پاشایەتییەکەی لەگەڵ سدقیای پاشای یەهودا چوو بۆ بابل. هەموو ئەوەی لەسەر بابل تۆمار کرابوو، لەگەڵ هەموو ئەو بەڵایەی بەسەری دێت یەرمیا نووسیبووی و کردبووی بە تۆمارێک، بە سەرایای گوت: «کاتێک گەیشتییە بابل، دڵنیابە لە خوێندنەوەی تەواوی ئەم پەیامە بۆ خەڵکەکە، ئینجا بڵێ: ”ئەی یەزدان، تۆ فەرمووت ئەم شوێنە لەناودەبەیت، تاکو ئەوەی مرۆڤ و ئاژەڵی تێدا نامێنێت، هەتاهەتایە دەبێتە چۆڵەوانی.“ کاتێک لە خوێندنەوەی ئەم تۆمارە بوویتەوە، بەردێکی پێوە ببەستە و فڕێیبدە ناو فورات. ئینجا بڵێ: ”بابل ئاوا نوقوم دەبێت و لەژێر ئەو بەڵایە ڕاست نابێتەوە کە من بەسەری دەهێنم، خەڵکەکەی شەکەت دەبن.“» هەتا ئێرە وشەکانی یەرمیایە.
یەرمیا 51 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەرمیا 51
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەرمیا 51:51-64
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان